دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 03/07/2024

ناوی کوردییان لێبنێن

رۆزا دڵشاد مەریوانی

دوو هاوڕێ لە هەندەران دەژین ناوێکی بیانیان لە منداڵەکەیان ناوە بە بیانووی ئەوەی نەوەکا ناوێکی کوردی لێبنێن و لەو زمانەی دیکەدا مانایەکی خراپ بدات. ئەوە بەهەرحاڵ، بەڵام ئەو شتەی زۆرجار پێی پەست دەبم کاتێک دایک و باوکێکی ئێرە ناوی عەرەبی یان بیانیی لە منداڵەکانیان دەنێن، بۆ نموونە ساڵانی رابردوو نانسی عەجرەم کچی بوو، کەچی لەو ماوەیەدا نیوەی کورد ناوی کچەکانیان بەناوی کچەکەی نانسییەوە ناونا، یان دەبینین باوک ناوێکی کوردی هەیە، بەڵام ناوێکی عەرەبی لە منداڵەکەی دەنێت بێ گوێدانە ئەوەی ئەو سەردەمەی ئەوی تێیدا گەورە دەبێت لە ئێستا جیاواز دەبێت، بیر لەوە ناکاتەوە سبەی رۆژێک هەستی ئەو منداڵە لەنێو هاوڕێکانیدا چۆن دەبێت، کاتێک بەو ناوەوە بانگی دەکەن یان گاڵتەی پێدەکەن. 

هاوکات بەداخەوە زۆرجار وەک ناوی کچەکەی نانسی ئەو ناوە وەک جۆرە ترێندێکی لێدێت و ئەو ساڵە هەموو ئەو ناوە لە کچ یان کوڕەکانیان دەنێن و دەبێتە چاولێکەریی، بێگومان کاتێک ناوێکی کوردی دەبێتە ترێند ئەوە ئاساییە ئەو ناوە کوردییە خۆشانە زۆربێت وەک ناوی نالی، باران یان مینا..هتد

ئەو جۆرە ناوانەی لەنێو نەوەی دەیەی دووەمی دوو هەزارەکاندا زۆرە، رەنگە بوترێت خۆت ناوەکەت کوردی نییە، بەڵام ئەوە چیرۆکێکی جیاوازی هەیە، لەم گۆشەیەدا جێی نابێتەوە و هی سەردەمێکی جیاوازە و زۆرێک لە نەوەی من یان پێش من هەڵگری ئەو ناوەن، زۆریشیان باوکم خۆی ئەو ناوەی لێناون، هەروەها دەوترێت ناوی کوردی کەمە بێگومان نەخێر، لەبەرئەوەی جگە لە زاراوەی سۆرانیی لەنێو زاراوەکانی دیکەدا ناوی کوردی زۆر خۆش هەیە کە ماناکانیشیان جوانە، چونکە ئەو هەڵەیەی زۆرجار دایک و باوک لە ناونانی منداڵدا دەیکەن ئەوەیە تەنیا بیر لە جوانیی ناوەکە دەکەنەوە بیر لەوە ناکەنەوە چ مانایەکی خراپی هەیە یاخود ناوی چ کەسایەتییەکی خراپ بووە لە مێژوودا، کە بەپێی زانستی وزە، ناوێک ماناکەی خراپ بێت دەکرێت کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ژیانی کەسەکە هەبێت. 

دواجار لە هەمووی گرنگتر ناونانی منداڵ بە ناوێکی کوردی جۆرێکە لە نیشتمان پەروەریی و پاراستنی کەلتوری نەتەوەکەمان، بۆیە تکایە ناوی کوردییان لێ بنێن.




Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP