دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 13/06/2024

هیوای دایە بەیبوونێ! ببوورە ناوی جەنابت چیە؟ هیوا ئەی ناوی باوکت؟

  1. ئیبراهیم سادق مەلا زادە
  2.  
  3. باوکی خۆم نەدیوە. دایکیشم کۆچی دوایی کردووە.

تۆزەك وەستام و دوایی گوتم: خوا لێیان خۆش بێت. کە ناوەکان لە مۆبایلەکەم تۆمار دەکەم، دەمەوێت بەجۆرێک بێت دوایی بە ئاسانی بیاندۆزمەوە.

گوتی دەزانم. بەڵام هەموو جارێک کە ئەو شتانەم بیردێنەوە، ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار و دژبەری دەبمەوە. خەڵك زۆری پێیان وایە شتێکی گەورە نیە، بەڵام من زۆرم بەلاوە گرنگ و گەورەیە.
ئینجا دوای هەڵکێشانی هەناسەیەک بەردەوام بوو و گوتی:

تەمەنم زۆر بچووک بووە کە باوکم کۆچی دوایی کردوە، هیچی ئەو باوکەم بیر نایەت. کۆمەڵێک کوڕ و کچی لەدوای خۆی بەجێهێشتوون. دایکم بە گەنجی ئێمەی بەخێو کردووە، لەناو ژیانێکی سەخت و نائاساییدا. دایکم بۆ ئێمە هەموو شتێک بوو. ڕۆڵی باوک و دایک و خزم و برادەریشی گێڕاوە. بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی ئێمە پێویستمان بەکەس نەبێت. بەهەموو مانایەک و بەوپەڕی لێهاتوویی خۆی ئێمەی پەروەردە کرد و کەڕامەتی ئێمەی پاراست. ئەوەش مانای وایە، بەو گەنجێتییەی ئێمەی کردە هەموو شتێکی ژیانی خۆی و خۆی کرد بە قوربانی منداڵەکانی.

ئێستا، لەجەنابت دەپرسم، من ناوی باوکم هەڵبگرم یا هی دایکم؟ خۆم بە دایکم بناسێنم یا بە باوکێک کە هیچ پانتاییەکی لەژیانی من داگیر نەکردووە؟ شانازی بە باوکمەوە بکەم یا بە دایکێک کە بووە پرد بۆ هەموومان؟
لەگەڵ ئەو قسانە زانیم پڕە. ڕەخنەی زۆرن بەڵام هیچی دیکەی دەربارەی باوکی نەگوت.

دیسان گوتی: بەڕای جەنابت ناوی کێ هەڵبگرم؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە نەریتە کۆمەڵایەتییەکە پێم دەڵێت: ناوی باوکت. باری شارستانییە کلاسیکەکە بە زۆری ناوی باوکی بەسەردا سەپاندووم و پێم دەڵێت؛ تۆ کوڕی باوکتی. ئایا تەنها نیوە جیناتەکانی باوکم بەسن بۆ ئەوەی مرۆڤ تەنها ناوی باوک هەڵبگرێت؟ دەی خۆ جیناتەکانی دایکیشم هەڵگرتوون و لەوانەیە نیوەی زیاتریش هی دایک بن، بۆ دەبێ تەنها ناوی باوکم هەڵبگرم؟
ناکرێت ناوم تۆمار بکەی بە "هیوای دایە بەیبوونێ"؟

بە زەردەخەنەیەکەوە پێم گوت: بۆ ناکرێ، ئەوە لای خۆم بە "هیوای دایە بەیبوونێ"، تۆمارم کردیت.

گوتی: دە زۆر سوپاست دەکەم، خەڵک لێم تێناگات. خۆ شتی دیکەش هەیە، بەڵام لێرە ئەوەندە بەسە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP