دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/06/2024

مەسرور بارزانی: شۆڕشی چاكسازیی كشتوكاڵی لە هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە

هەرێم نیوز

ئەمرۆ لە ئاکرێ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی دووەم گەورەترین عەلوەی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دانا. و ڕایگەیاند، ڕێگە بە هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانە نادەن کە لە هەرێمی کوردستان هەن.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان،  بەردی بناغەی بازاڕی هاوچەرخی سەوزە و میوەی ئاکرێ (عەلوە)ی دانا، لە وتارێكیشدا ڕایگەیاند: "پێش ئه‌وه‌ی بێمه‌ ئێره‌، سه‌ردانی هه‌ندێ جووتیارم كرد له‌ كێڵگه‌ی چاندنی په‌تاته‌م كرد، قسه‌م له‌گه‌ڵ كردن و جێی دڵخۆشییه‌ كه‌ به‌رهه‌می په‌تاته‌ ڕۆژ به‌ رۆژ زیاتر ده‌بێ و زۆر زیاتر له‌ پێویستیی ناوخۆیی به‌رهه‌م دێ، شێوازی چاندنیش به‌ره‌و شێوازێكی پێشكه‌وتووی زانستی ده‌چێ."

مه‌سرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا: "ئه‌و جووتیارانه‌ گازانده‌یان هه‌بوو، به‌رهه‌می په‌تاته‌ له‌ هه‌ندێ سنووری هه‌رێمی كوردستان داخل ده‌كرێ و كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌یه‌، ئێمه‌ وه‌كوو حكوومه‌ت به‌دواداچوون ده‌كه‌ین بۆ پاڵپشتیی جووتیاران و وه‌زیری كشتوكاڵیش لێره‌یه‌ و به‌دواداچوون ده‌كا، ڕێگه‌ ناده‌ین ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ بێنه‌ ناو كوردستان."
سه‌رۆكی حكوومه‌ت ڕاشیگه‌یاند: "داواشیان كرد بابه‌تی ئاو چاره‌سه‌ر بكرێ، له‌و رووه‌وه‌ به‌نداوی دیكه‌ش دروست ده‌كه‌ین."

دەقی وتاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان
ئامادەبوانی هێژا و بەڕێز

سوپاس بۆ ئامادەبوونتان، گەلەك بەخێر بێن و ماندوو نەبن، سپێدەتان بەخێر. جێی دڵخۆشییە كە دەبینین هەر ڕۆژەی لە جێیەكی كوردستان، بەردی بناغەی پرۆژەیەك دادەنرێت یان پرۆژەیەك جێبەجێ دەكرێ و پێشكەوتن لە كوردستان بەردەوامە.

من خۆشحاڵم جارێكی دیكە دێمە دەڤەری ئاكرێ و بەردەڕەش و لە قەزای ئاكرێم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەكی گرنگ كە پرۆژەی بازاڕی هاوچەرخی میوە و عەلوەیە.
ئاكرێ یەكێكە لە كۆنترین شارەكانی كوردستان و یەكێكە لە كۆنترین قەزایەكانی كوردستان و عێراق، مێژوویەكی زۆر دێرینی هەیە. لە رووی جوگرافی و ئابوورییەوە، ناوچەیەكی زۆر گرنگ و دەوڵەمەندە، بە تایبەتیش لە بواری كشتوكاڵیدا. لە ڕووی گەشتوگوزاریش، ناوچەیەكی گرنگە و چەندین شوێنی گەشتیاری لێیە. پلانی حكوومەتی ئێمە ئەوەیە كە لەم دوو بوارەدا ئەم دەڤەرە زۆرتر پێش بخەین و دەرفەتی كار بڕەخسێنین.

پێش ئەوەی بێمە ئێرە،. من چووم سەردانی هەندێك جووتیار بكەم لە كێڵگەكانی چاندنی پەتاتە و لەگەڵ ژمارەیەك لەو جوتیارانە گفتوگۆم كرد و گوێم لێ گرتن، جێی دڵخۆشییە كە دەبینین بەرهەمی پەتاتە لە كوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئێستا زۆر زیاتر لە پێویستیی ناوخۆیی، پەتاتە لە كوردستان بەرهەم دەهێندرێت و شێوازی چاندنیش بەرەو شێوازێكی زانستی و پێشكەوتوو دەچێت. ئەم بەرهەمە نە تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكوو دەكرێ پێویستیی هەموو عێراقیش دابین بكات و هەنگاوی پێویستیش نراوە بۆ هەناردەكردنی بەرهەمی پەتاتەی خۆماڵیی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، وادیارە خواستێكی زۆریشی لەسەر هەیە.

لە چوارچێوەی بەرنامەی هەمەجۆركردنی داهاتەكانی كوردستان لە لایەن ئەم حكوومەتەوە، ئێمە گەلەك بایەخ و گرنگیمان بە بابەتی چاندن و كشتوكاڵ لە كوردستان داوە و ئێمە شۆڕشێكمان لە چاكسازیی كشتوكاڵی لە كوردستان دەست پێكردووە. بەڵام ئەمە سەرەتایە، هێشتا زۆر هەنگاو ماوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین كەرتی كشتوكاڵ لە كوردستان بگەینینە ئاستێكی ستانداردی جیهانی كە نەك هەر تەنیا سوودی بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە و جووتیاران هەبێت، بەڵكوو ببێتە سەبەتەی خۆراك بۆ هەموو عێراق و بۆ ناوچەكەش. ئەمەش دیسان ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی لە كەرتی پیشەسازی و دروستكردنی كارگەش هەنگاوی دیكە بنرێت و دەرفەتی كار لەم بوارانەش زیاتر بڕەخسێندرێن.

ئەو كاتەی من لەگەڵ ئەم جووتیارانە گفتوگۆم دەكرد، هەندێك گازاندەیان هەبوو، یەك لەو گازاندانە ئەوە بوو كە. بەرهەمی پەتاتە لە دەرەوە و لە هەندێك سنوورەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ كە كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی جوتیاران هەیە. ئێمە وەك حكوومەت بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەكەین، بەڕێز وەزیری كشتوكاڵ لێرەیە و لەگەڵ وەزارەتی داراییش بەردواداچووین دەكەین بۆ ئەوەی بە مەبەستی پاڵپشتی و پشتیوانیكردنی جووتیاران، ئەو بەرهەمانەی كە لە نێو هەرێمی كوردستان بەرهەم دەهێندرێن، ڕێگە نەدەین لە دەرەوە بهێندرێن، بۆ ئەوەی پشتیوانیی جووتیاران بەردەوام ببێت. ئەگەریش ئێمە بینیمان كە بە شێوەیەكی نایاسایی ئەم كارە دەكرێت، ڕێوشوێنی پێویستی بەرامبەر دەگرینە بەر. لە لایەك دیكە داخوازیی ئەو جووتیارانە ئەوە بوو كە بابەتی ئاو و بەنداوی چارەسەر بكرێت. هەر لە بەرنامەی حكوومەتە كە ئێمە چەندین بەنداوی دیكەش دروست بكەین، یەك لەوانە بەنداوی (ئیسماڤا بابەكرمان) دەبێت كە زۆر سوود بە دەشتی ناڤكوڕ و جووتیارانی دەشتی ناڤكوڕ دەگەیەنێت و بەرهەمی ئەو زەوییە زۆر بە خێر و بەرەكەتەش گەلێك زیاتر دەكات.

هەر لە بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی گرنگیدان بە هەموو ناوچەكانی كوردستان، ئێمە گرنگییەكی زۆریشمان بە سنووری ئاكری داوە، چەندین پرۆژە لە بوارەكانی ڕێگەوبان و ئاو و كارەبا و دروستكردنی قوتابخانە و دروستكردنی زانكۆ لە ئاكرێ ئەنجام دراون.

هاووڵاتیانی خۆشەویست پێویستییان بە خزمەتكردنێكی زیاترە، بە دڵنیاییەوە لە داهاتوودا گەلێك پرۆژەی زیاتریش بۆ ئەوان دێتە جێبەجێ كردن.
ئامانجی سەرەكیی ئێمە هەمەجۆركردنی ئابووری و سەرچاوەكانی داهات و دروستكردنی ژێرخانێكی بەهێزە لە چوارچێوەی گرنگیدان و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵی، ئەمەش یەكێك بووە لەو كارانەی كە ئێمە تا ئێستا كردوومانە. بۆ ئەم مەبەستە بە هاوكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت، ئێمە دەستمان بە ئەنجامدانی چەندین پرۆژەی گرنگ كردووە لەوانە دروستكردنی چەند ناوچەیەكی پیشەسازیی خواردن و بە بازاڕكردنی گەنمی هەرێمی كوردستان و هەناردەكردنی بەروبوومی جووتیارانی ئێمە بۆ بازاڕەكانی دەرەوە. ئێمە چەندین بەنداوی جۆراوجۆرمان لە ناوچە جیاجیاكان دروست كردووە كە دەبێتە پاڵپشت بۆ بەرهەمی خۆماڵی و جووتیاران، هەوەك باسم كرد. هەروەها لە بەرنامەماندایە و لەگەڵ حكوومەتی فیدڕاڵیش گفتوگۆمان لەسەر دەست پێكردن بە دروستكردنی بەنداوی ئیسماڤا كردووە.

دەڤەری ئاكرێ بە چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی بەناوبانگە، وەك برنج و پەتاتە و تەحین و سماق، ئێمە هەندێكیشمان لێرە بینی. بێگومان هاوكاریی ئەوان دەكەین كە ئەم بەرهەمە بۆ دەرەوەش هەناردە بكرێت، هەرچەندە من ئاگادارم كە هەناردەكردنی هەندێك لەو بەرهەمانە دەستی پێكردووە و بۆ دەرەوە دەنێردرێن، بەڵام هەوڵی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی بازاڕێكی زیاتر بۆ بەرهەمی ناوخۆیی و بۆ هەموو جووتیارانی كوردستان بدۆزینەوە

من دووبارە دەستخۆشی لە كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم بۆ ئەم پرۆژە گرنگە و پێویستە لەسەر ئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بێت، هەروەها من لەو باوەڕەدام كە پشتیوانییەكی زیاتر بۆ جووتیاران دەڕەخسێنێت، كردنەوەی ئەم بازاڕە، دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ پێشخستنی كەرتی چاندن و كشتوكاڵ لەسەر ئاستی كوردستان.

جارێكی دیكە لە ئێمە هەموومان و لە ئێوەش پیرۆز بێت و هەر بمێنن بە خێر و خۆشی و كوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP