دواین هەواڵ

کوردستان‌

 11/06/2024

ڕوونكردنەوەیەك لە فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە

هەرێم نیوز

فەرمانەگەی میدیا و زانیاری رایدەگەیەنێت،  ئەو سکاڵایەی لەسەر کەناڵی ئێن ئار تی تۆمار کراوە، هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکوومەتەوە نییە و هی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە.

فەرمانەگەی میدیا و زانیاری  لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند: كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە، گوایە "سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سکاڵای لەسەر کەناڵەکە و پەیامنێرەکەیان تۆمارکردووه‌".

ئاماژە بەوەشدراوە،  کە سکاڵاکە هیچ پەیوەندی بە سەرۆکی حکومەتەوە نییە و هی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە، لەسەر هەواڵيکی بێ بنەما و ناڕاست کە کەناڵەکە بڵاوی کردووەتەوە، گوایە بانکی منارە لە هەولێر ٩٦٠ ملیار دیناری تێدایە و بۆ مووچە بەکار نایەت، بۆیە وەزیری دارایی و ئابووری داوای تۆمار کردووە و پەیامنێرەکەش هەر دوێنێ بە کەفالەت ئازاد کراوە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتوە، پێویستە ئەو كەناڵە لەسەر بنەمای پیشەییبوون و پابەندبوون بە ڕێساكانی كاری میدیایی، خۆی لەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرێت و بەر لە بڵاوکردنەوە، لە ناوەرۆکی پەیامەكانی دڵنیابێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP