هەرێم نیوز
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەربەستە سیاسیەکانی پێش هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نەماون "تەنها گرفتی تەکنیکی نەبێت،" وە "بە ئەگەرێکی زۆر" دوای ڕۆژانی جەژنی قوربان هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێدەکاتەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێم کاردەکەن سەردانی بەغدا بکەن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، "دەنگدراوە لەسەر ئەوەی بڕی دوو تریلیۆن و 700 ملیار دینار تەرناخکراوە بۆ کەرتی نەوتی لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژانەی 400 هەزار بەرمیل. گرفتە سیاسیەکان ئێستا کۆتاییان وەرگرتووە و تەنها گرفتی تەکنیکی ماوە و پێدەچێت لەم ڕۆژانە کۆبوونەوەکە بکرێت و کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە دەبێت و دوای ڕۆژانی جەژنی قوربان بە ئومێدی ئەوەین هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە."
لەبارەی دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لەلای حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامە کوردە کە لە فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عێراق وتیشی، "یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە کە ئیستا چۆن بتوانرێت کۆمپانیاکان ڕازی بکرێن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوت دەستپێبکەنەوە وئەوەش دەبێت حکومەتی عێراق ئەو مەلەفە یەکلابکاتەوە."
دوێنێ 5ی 6ی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی چوار تەوەر کە یەکێکیان بریتی بوو لە پێشهاتەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە.
دوای کۆبوونەوەکە، حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رایگەیاند، بڕیاردراوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان لەسەر بانگێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، سەردانی بەغدا بکەن "بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم."
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، "ڕێنوێنی ئەنجومەنی وەزیران بۆ شاندی دانووستانکار دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی جدیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە ڕێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی ، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت."
رۆژی 25ی سێی 2023 دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس کەیسێکی لە دژی تورکیا و بەرژەوەندی حکومەتی عێراق یەکلاکردەوە، کە بووە هۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تورکیاوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوکاتەوە تائێستا کەوتووەتە قەیرانێکی قوڵی داراییەوە و دەیان جار شاندی هەرێم و بەغدا کۆبوونەتەوە، بەڵام نەگەشتووەنەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.