دواین هەواڵ

جیهان‌

 02/06/2024

لیستی کاندیدانی سەرۆکایەتی ئێران بڵاوکرایەوە

هەرێم نیوز

بڕیارە رۆژی 28ی مانگی 6 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران بەرێوەبچیت و وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش دەتی بە تۆمارکردنی کانیدەکان کردوە، تا ئەم ساتە ژمارەی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستە گەیشتوەتە 17 کاندید.

ئاژانسی میهری ئێران بڵاوی کردەوە، 17 کاندید داوایان پێشکەشی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کردووە، بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوە بچێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کاندیدەکانی ئێستا زیاتر سەر بە ڕەوتی پارێزگارانن، لە کاتێکدا هێزە چاکسازیخوازەکان هێشتا بەدوای کەسایەتی بەهێزدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بچنە ناو ململانێی هەڵبژاردنەکانەوە.

ئەمرۆ یەکشەممە مەحمود ئەحمەدی نەجاد سەرۆک کۆماری پێشوی ئێران کاندیدبونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئێران یەکلاکردەوە، بە گوێرەی میدیاکانی ئێران زۆربەی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی سەر بە رەوتی پارێزگارانن، گەڕان و بەدواداچونیش بەردەوامە بۆ کۆکردنەوەی کاندیدی بەهێزتر بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێکە.

لە پێشەوەی لیستی کانیدەکان عەلی لاریجانی سەرۆکی پێشوی ئەنجومەنی شورا و سەعید جەلیلی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هەن، هەردوو کەسایەتییەکەش لە رەوتی پارێزگاران دوو ناوی دیارن.

لە رۆژی رابردوش هەریەکە لە ئەحمەد رەسوڵی نەجاد پەرلەمانتاری پێشو و وەحید حەقانیان جێگری سەرۆکی جێبەجێکاری نوسینگەی رێبەری باڵا، مەسعود بیشکیان وەزیری تەندروستی پێشو، عەلی رەزا زاکانی سەرۆکی شارەوانی تاران ناوی خۆیان بۆ کاندیدبون تۆمارکرد.

نووسینگەی هەڵبژاردنەکانی ئێران 12 مەرجی سەرەکیی وەک بەربەستی یاسایی بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە دەیانەوێت ببنە کاندیدی خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە تێپەڕاندنی هەر 12 مەرجەکە ناویان تۆمار دەکرێت و دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن. پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی کاندیدەکان لە 30ی ئایاری مانگی ڕابردوو دەستی پێ کرد و تاوەکوو 3ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP