دواین هەواڵ

کلتور‌

 13/05/2024

پەیامی فیلمی لەوەند و جوان

لەوەند و جوان

(پەیامی ئەم فیلمە ڕووی لەو دایک و باوکانەیە کە هەر بەڕاستی لە خەمی داهاتووی منداڵەکانیاندان)

شوان ئەحمەد
 
كارل پۆپەر لە گفتوگۆیەكدا، سەبارەت بە منداڵان ئاوا دەڵێت:(منداڵان خۆشەویسترین و بە نرخترین ئەمانەتی ژیانن، بۆیە دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین).

ئەڵبەتە پۆپەر وەك بیرمەند و فەیلەسوفێكی دیاری سەدەی بیستەم، بە پلەی یەكەم ڕوی دەمی لە دایكان و باوكانە و دوای ئەوانیش، بەرپرسیارێتیەكە ڕووبەڕووی تەواوی كۆمەڵگە دەكاتەوە. 

بەڵام ئاخۆ لەم سەردەم و زەمانەدا كە خەریكە (هەموو نەزم و عورف و قانونێك) لە بەین دەچێ‌، خێزان وەك كۆمەڵگەیەكی بچوك و كۆمەڵگەش وەك خێزانێكی گەورە، دەربایسی ئەو شتانە هەن و وەك ئازیزترین و بەهادارترین ئەمانەتی ژیان، سەیری جگەر گۆشەكانیان دەكەن؟

ئەم فیلمە (Jeune & jolie)، ڕوویەكی تاریك و لێڵی ئەو مەسەلەیەمان نیشان دەدات. لە مەترسیەك بە ئاگامان دێنێتەوە كە ڕەنگە، بەرۆكمان پێبگرێت و ژیانی خۆمان و منداڵ و خانەوادەكانمان بشێوێنێ‌. سەروەختێك منداڵەكانمان بە فەرامۆشی دەسپێرین، ئەوا لەولاوە زەمانە قەپاڵی گەورەمان لێدەگرێت.

ئیزابێل كیژێكی جوان و جەحێلی حەڤدە ساڵانە، لەگەڵ دایك و برایەكی لە خۆی بچوكتر و باوە پیارەكەیدا دەژی. هێشتا خوێندكاری دواناوەندییەو نەچۆتە زانكۆ. هاوینی ئەو ساڵەی تەمەنی دەبێتە هەژدە ساڵ، بۆ پشوو لەگەڵ ماڵەوەیان ڕوو لە ناوچەیەكی گەشتوگوزاریی فەرەنسا دەكەن.

ڕۆژانە بۆ مەلەكردن و خۆ بە خۆردان، لەگەڵ برا بچوكەكەیدا دەچنە كەنار دەریا. لەوێ‌ كوڕێكی گەنجی بلۆندی ئەڵمانی دەناسێت، بە ناوی فیلیكس كە دوانزە ساڵێك لە خۆی گەورەترە. 

شەوێك  بە دزی ماڵەوەیان لەگەڵ فیلیكسدا دەچنە شەوە ئاهەنگێكی گەنجانەو هەر لەو شەوەدا لە كەنار دەریا، تێك دەئاڵێن و ئێزابێل پەردەی كچێنی لە دەست دەدات. 

لەو كاتەی سەرگەرمی ماچ و موچن و خۆیان لە یەكتر هەڵدەسون، فیلیكس هەست دەكات پەشۆكاویەك بە سیمای ئیزابێلەوە دیارە، بۆیە بە گوێیدا دەچرپێنێ‌: (ئەمە یەكەمجارتە؟). ئێزابێل سەرێك ڕادەوەشێنێ‌ و بەڵێیەكی بۆ دەكات.

 ئەمە تا ئێرە بۆ كولتووری خۆرئاوا و پەیوەندی نێوان كوڕ و كچێكی ئەوروپایی، ئاساییە و جێی پرسیار و سڵەمینەوە و شورەیی نییە.

ئەوەی نا ئاساییە و وەك مەترسیەك لەم فلیمەدا نیشان دەدرێت، ئەوەیە كە دواتر و پاش گەڕانەوەی ئەو خانەوادەیە بۆ ماڵەوەو دەست پێكردنەوەی ژیانی ئاساییان، لە نێو دنیا جەنجاڵەكەی شاردا ڕوودەدات. 

لە قوتابخانە ئیزابێل تەنها كچێك هاوڕێیەتی و هاتوچۆ و چونە دەرەوەیان پێكەوەیە. ڕۆژێك لە كاتی گەڕانەوە لە قوتابخانە، كابرایەك شوێنیان دەكەوێت و بانگ لە ئیزابێل دەكات و پێیدەڵێت: (ئامادەیت بە بڕێك پارە لەگەڵمدا بخەوی و سەرجێگایم لە تەکدا بکەیت؟).

 هەرچەندە ئیزابێل نە بە (بەڵێ‌) و نە بە (نەخێر) وەڵام ناداتەوە، بەڵام كابرا ژمارە تەلەفۆنی خۆی بۆ جێدێڵێت. دوای هەفتەیەك پەیوەندی بە كابراوە دەكات و ڕازی دەبێت، بەوەی لەگەڵیدا بخەوێت.

لێرە بەدواوە، ڕۆڵی مەترسیداری تۆڕی ئەنتەرنێت و دنیایی دیجیتاڵی سەردەمی گڵۆبالیزەیشن و گەشەی خێرا و بە پەلەی تەكنۆلۆژیا و ئامرازەكانی پەیوەندیكردن، دێتە پێشێ‌. كە چۆن گەر ئاگاداری نەبین، دەشێت ژیان و چارەنوسی منداڵەكانمان وێران بكات.

بۆ ئیزابێل ئەو تۆڕی پەیوەندییە بەرفراوانەی دنیای (نێت) دەبێتە دەروازەیەك، بۆ بەستنی جۆرەها پەیوەندی نا دروست و بۆ نمایشكردنی لەشولاری خۆی و دۆزینەوەی زۆرترین موشتەری و كڕیار كە لە بۆسەدان بۆ كچانی هەرزەكار.

لە ماوەیەک زەمەنی كەم و كورتخایەندا، ئیزابێل بازاری گەرم دەبێت. زۆرێك لەوانەی سێكسیان لەگەڵدا دەكات و لەشی خۆیان پێدەفرۆشێت، پیاوانی بە تەمەن و بە ساڵاچون و لە عومری باوكیدان.

ڕۆژانە ئەم جەستەی وەك كاڵا هەڕاج دەكات و جزدان و جانتای پارەكانیشی تا دێت قەبەتر دەبێت. یەكێك لەو پیاوە بە تەمەنانەی لەگەڵیدا بە (300) ئۆرۆ ڕێك دەكەون، دوای ئەوەی لە ناو ئۆتۆمۆبێلی كابرادا سێكسێكی تەڕ و بڕدەكەن و لێدەبنەوە، لە ڕێگا دەكەونە دەمەتەقێ‌:

-تۆ زۆر جوانی تەمنت چەندە؟

-بیست ساڵم.

-ئەمەت كردووە بە پیشە؟

-بەڵێ‌.

-بۆ پارە دەیكەیت؟

-ئەرێ‌

كابرا لەوێدا پیێدەڵێت: (بەڵام بزانە كە یەكجار بویت بە لەشفرۆش و سۆزانی تا ئەبەد لێت نابێتەوە.. لە شفرۆشی قۆناغێك نییە جێی بێڵیت و بڵێی تەواو).

ئیزابێل لەسەر تۆڕی نێت، ناوی خۆی دەگۆڕێت بە (لیا).. مشتەری زۆری هەیە، بەڵام پیاوێكی بە تەمەنی خاوەن ژن و منداڵ (كە كچەكەی بە چەندین ساڵ لەئیزابێل گەورەترە)، زۆرترین كڕیاری ئەوە و ناوی (جۆرج فێرێر)ە و تاڵی ڕەش لە سەریدا نەماوە.

هەم نەرم و نیانە لەگەڵیدا و هەم بۆ پارەدانیش قسوری ناكات.. شوێنی یەكتربینینیان هۆتێلێكی پێنچ ئەستێرەی گەورەدەبێت، لە ژوری ژمارە (6095).

ئەو جارەیان كە جۆرج فێرێر ڤیاگرایەكی زۆر دەخوات، باری تەندروستی تێك دەچێت. لە كاتی سێكسكردن كە ئیزابێل بە سەریەوەیەتی، گیانی دەردەچێت. مردنی جۆرج فێرێر بەو شێوە و لەو ئوتێلەدا، دەبێتە باعیسی ئاشكرابوونی ئیزابێل لای ماڵەوەیان.

كە پۆلیس ڕووداوەكە دەگەیەننە دایكی لە شوێنی كارەكەی و دەست بە پشكنینی ژورەكەی و لاپتۆپەكەی دەكەن، تەواوی سیناریۆ و بەسەرهاتەكەیان بۆ ڕون دەبێتەوە.

دایكە تێدەگات لە بێئاگایی ئەودا، ئیزابێلی كچی بۆتە (لیا). هاوار و لە خۆدان و لێدانی كچەكەی و سەركردن بە كۆشی پزیشکانی دەرونناساندا بۆ ئەوەیە، جارێكی تر كچەكەی لە (لیا)وە بكەنەوە بە ئیزابێل.

پەیامی فیلمەكەی (فرانسوا ئۆزۆن)ی دەرهێنەری ناسراوی فەرەنسی ئەوەیە پێمان بڵێت، گەر بە ڕاست منداڵان خۆشەویسترین و بەنرخترین ئەمانەتی ژیانن، ئەوا دەبێت بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە، لەو ئەمانەتە بڕوانین و بە فەرامۆشییان نەسپێرین..

دەبێت نە هێڵین لە ناو جەنجاڵیەكانی ژیاندا، جگەرگۆشەكانمان بژاكێن و لەناو تۆڕی پەیوەندییە تەكنۆلۆژییەكانی دنیای مۆدێرن و سەردەمی گڵۆباڵدا، فرزەندەكانمان  لە خشتە ببرێن و ببنە نێچیری ڕاوچیان. 

پەیامی ئەو بۆ ئەوەیە نەهێڵین ئیزابێلەكان ببنە (لیا)، چونكە زەحمەتە كاتێك بوون بە(لیا)، جارێكی تر ببنەوە بە ئیزابێل.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP