دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

د. سەرسام شوانی: سەردانی سودانی بۆ ئەمریکا کاریگەری بۆ سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت

محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ باس لە گرنگی سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا و کاریگەریی بۆسەر پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێ، ئەمریکا بە بایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات.

د. سەرسام شوانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەرێم نیوز ڕایدەگەیەنێت، ئەمریکا وەک وڵاتێکی سوپەر پاوەر کاریگەریی زۆری لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی بە گشتی و بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەتی هەیە.

دەشڵێت، لەبەرئەوەی عێراق گرفتی سیادی هەیە و ئەمریکاش کاریگەریی بەسەر عێراقەوە هەیە، بۆیە ئەو سەردانەی سودانی بۆ ئەمریکا گرنگی زۆری دەبێت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بە تایبەت لەبوارەکانی سیاسی و ئابووری و سەربازیدا.

وتیشی، ئەمریکا بەبایەخەوە سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بابەتێکی گرنگی سەردانەکەی سودانی دەبێت بۆ واشنتۆن، بە تایبەت بابەتی وزە و دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ڕاشیگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزراو و بە بەهێزی بمێنێتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەوەی کە یەکگرتوویی گوتاری ناوەخۆییمان بێگومان کاریگەری دەبێت بەسەر پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP