دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

دەنگ و ئاواز و مۆزیکی جیهانی

عەبدوڵا کەریم مەحمود

شەهرامی نازری، هونەرمەندێکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە دەنگ و ئاوازو مۆزیک و بەرهەمە نایاب و باڵاکانی، هونەرێکی تایبەتمەند و رۆحی دەنگ و ئاوازی مۆزیکی کوردی چڕیوە، سۆزی گۆرانییەکانی مایەی تێرامانی هونەری کوردی و جیهانە.

شەهرام عاشقی هونەری دەنگ و ئاوازو مۆزیکی کوردیی، لە کاتی گۆرانی وتندا هەموو جەستەی و ناخ و دەروونی دەهەژێ، بە جۆرە هەست و نەستێک ، بە رۆحێک تێکەڵ بە هونەری مۆزیک و دەنگ و ئاوازەکانی دەبێت، ئاوێتەی هەموو پیت و وشەو رستەی هۆنراوەی گۆرانییەکانی دەبێت.

بە جۆرێک باوەش بە سۆزی خۆشەویستی دەنگ و ئاوازەکانی و رۆحی مۆزیک دەکات، ئیحساسی ناخی جوانی و هۆنراوە و مۆزیک و ئاوازی گۆرانییەکانی لەبۆتەی سروشت و ڕۆمانسیەتی عەشقدا تێكەڵ دەبێت، لە یەکتریی جیا ناکرێنەوە.

نازری بە ناخێکی پڕ لە نامۆیی و بە ئیحساسێکی زۆر جوانەوە، هەموو گوێگرەکانی وەک خۆی بە عەشقەوە ئاوێتەی دەنگ و ئاواز و هۆنراوەکانی دەکات. عاشقانە دەروێشی هونەرو کلتووری کوردییە، تەنانەت بەرهەمە فارسیەکانیشی لە ژێر کاریگەری رۆحی هونەرو مۆزیکی کوردیییە. وەک فەرهادێک مۆمی لەدایک بوونی شیرینێکی تر لە کێوی بێستونی ناخ و رۆح و دڵ و دەونمانا دادەگیرسێنێت، خامۆش نابێت.

شەهرام لە 18. 2. 1950 لە خانەوادەیەکی هونەر پەرەوەر، لە ناوچەی بەرزە دەماخی کرماشان لەدایک بووە، لە منداڵییەوە بە هۆی خۆشەویستی دایکییەوە عاشقی هۆنراوە و بەهۆی کاریگەری باوکییەوە تێکەڵ بە دنیای هونەری مۆزیک و دەنگ و ئاوازبووە.

لە تەمەنی 7ساڵیدا یەکەم گۆرانی لەرادیۆی کرماشان وتووە. لە تەمەنی 11 ساڵیدا چەند گۆرانییەکی لە رادیۆو تەلەفیزیونی ئێران بڵاو کردوەتەوە. ئەم ‌هونەرمەدە بە جۆرێک عاشقی هونەرو دەنگ و ئاوازوهۆنراو و مۆزیک بووە، سوودی لە ئەزموونی هونەری مامۆستایانی مۆزیک عەبدوڵا خانی دەوامی مەحمود کەریمی و عيبدولعەلی وەزیری و نوور عەلی خان برووند، وەرگرتووە. لە لای ئەم مامۆستا هونەرمەندانە؛ ئەحمەد عەبادی و مەحمود تاج بەخش و مەحمود هاشمی، فێری ئامێری سێتار بووە.

شەهرامی نازری، بە چەند ئەلبوومێکی فارسی و کوردیی توانیویەتی بگاتە ئاستێکی هونەری جیهانی، بە شاکارە هونەرە نایاب و باڵاکانی چەندان خەڵاتی لەسەر ئاستی جیهانی پێ بەخشراوە ، وەک:
* خەڵاتی شەوالیەی ئەدەب و هونەر لە دەوڵەتی فەرەنسا، دەوڵەتی فەرەنسا نازناوی (لۆژیان دۆنۆر)

* خەڵاتی باشترین مۆزیسیانی عیرفانی جیهان لە ڤیستیڤاڵی فارسی لە مەغریب

* ئستورەی زیندوو لە زانکۆی UCLA زانکۆی هاڤارد، خەڵاتی رێزلێنانی زانکۆی هاڤارد، شەهرامی بە هۆی ئەو گۆڕانکارییە تازەیەی لە مۆزیک و مەولانای بە دنیای رۆژئاوای ناساند.

خەڵاتی رێزلێنانی وەزارەتی رۆشنبیری ولاوانی حکومەتی هەڕیم

سەرچاوە:

ئەوەی بە جوانی ماوەتەوە مۆزیکی کوردییە، هەمەرەنگ، کوردستانی نوێ، 26. 5. 2022
ئەمە ش لینکی گۆرانی ( ئەی دڵ )ی شەهرامی نازرییە:
https://www.youtube.com/watch?
v=XdhlLbR2nS8



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP