دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 2 هەفتە

جیهان لە چاوەڕوانى وەڵامی ئیسرائیلدایە

هەرێم نیوز

ئەوەى ئێستا لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەگوزەرێت، هەندێک ناویان ناوە جەنگی جیهانى سێیەم و هەندێکى تریش پێیان وایە جەنگی بەرژەوەندییەکانى ناوچەکەیە و هێندە نابات کۆتایی دێت و لەگەل ئەوەشدا هێشتا بەتەواوى ئامانجى هیچ لایەک لەو جەنگەدا نەهاتووەتە دى کە هەردوولایان بانگەشەى سرینەوەى یەکتریی دەکەن، نە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانى و نە حەماس و لایەنگرەکانى دواى حەوت مانگ لە جەنگ و رژانى خوێنى هەزاران کەس هێشتا هیچ لایەکیان نەیانتوانیوە ئەوى دیکە لەسەر لاپەرەى رۆژگار بسرێتەوە.

سوپاى ئیسرائیل رایگەیاندووە کە ئیران 106 درۆنى خۆکوژ و 100 مووشەکى بالیستى و کرۆزى رەوانەى ئاسمانى تەلئەبیب کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکیشیان لە ڕێگەدا کەوتنە خوارەوە و نەگەشتنە ئامانجەکەى خۆیان ، هەر دواى هێرشەکە نەک لە ئیسرائیل و تەلئەبیب بەلکو لەتاران و شارە گەورەکانى ئێرانیش کاردانەوەى جۆراوجۆری لێکەوتەوە و سەرەى وەرگرتنى بەنزین و بەردەم بانکەکان و سۆپەرمارکێتەکان قەرەباڵغییان تێدا دروست بوو، بەڵام وا ماوەیەک بەسەر هێرشەکەى ئێراندا تێدەپەڕێت و هێشتا ئیسرائیل جگە لە بوارى میدیا هیچ کاردانەوەیەکى کرداریی لێنەبینراوە، لە لایەکی تریشەوە محەمەد باقری سوپا سالاری ئیران رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەمان لە دژى ئیسرائیل کۆتایی هاتووە، رۆژنامەى یەدیعۆت ئەحرینۆتى ئیسرائیلیش رایگەیاند تێچووى بەرپەرچدانەوەى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل یەک ملیۆن دۆلاری تێچووە، لەیەکێک لە کاردانەوە گەورەکانیشدا بەهاى سەد دۆلاری ئەمریکی بەرزبوویەوە حەوت ملیۆن تمەنى ئێرانى کە لە مێژووى دراوى ئەو وڵاتەدا ئەو رادە بەرزەى بەخۆیەوە نەبینیوە.

بەگوێرەى میدیا ئیسرائیلییەکانیش تەلئەبیب بڕیاری داوە وەڵامى هێرشەکەى ئێران بداتەوە لەکاتێکدا کات و شوێنى دیاری نەکردووە، دەستەى پەخشى ئیسرائیلیش ئاشکرایکردووە ئیسرائیل لەسەروبەندى وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئێراندا بووە، بەڵام گفتوگۆیەکی نێوان بنیامین ناتانیاهۆى سەرۆک وەزیران و جۆبایدنى سەرۆکی ئەمریکا وەڵامەکەى ئیسرائیلى راگرتووە.

کاردانەوەکانى هێرشەکانیش تادێت فراوان دەبێت، کۆشکی سپی رایگەیاندووە، جۆ بایدن ناتانیاهۆی ئاگادارکردۆتەوە کە واشنتۆن بەشداری ئۆپەراسیۆنی هێرشەکەی ناکات دژ بە ئێران.

وەزارەتی دەرەوەی روسیاش لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت، باڵیۆزی ئیسرائیل داوا دەکات ئیدانە هێرشەکانی ئێران بکەین، بەڵام ئێمە بیرمان نایێت ئیسرائیل هیچ کاتێک ئیدانەی هێرشەکانی ئۆکرانیای کردبێت بۆ سەر ئێمە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش داوا دەکات ئێران و سوپای پاسداران وەک تیرۆرست بناسرێندرێن و دەڵێت، نابێت هێرشەکەیان بێ باج تێپەڕێت.
فەرماندەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانیش دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل لە هەڕەشە و رەفتارە شەڕانگێزەکانی بەردەوام بێت ئەوا بێگومان وەڵامی بەهێزتر و سەختترمان دەبێت.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگه‌یاند، 10 رۆژ کاتمان رەخساند بۆ کارە دیپلۆماسییەکان بەڵام بێ ئەنجامبوون و لە هێرشەکەشدا ئامانجمان تەمبێکردنی رژێمی زایۆنی بوو."

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئەوەی لە سووریا لەبەرامبەر ئێران کرا، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوو، تەنانەت لە هێرشکردنە سەر بنکە ئاسمانییەکە کە لەوێوە هێرشکراوەتە سەر کۆنسوڵخانەکەمان لە سوریا، ئاگامان لە وردەکارییەکان بوو و زانیمان لە کوێی ئەو بنکە ئاسمانییە بدەین."

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئەمیرعەبدوڵڵاهیان رایگەیاندووە "نزیکەی 72 کاتژمێر بەر لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکە، زانیاریمان بە دراوسێکانمان داوە کە وەڵامی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای بەرگری رەوای خۆیەتی."

هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد لەهێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل ئەمریکامان ئاگادارکردەوەتەوە.

هەرچۆنێک بێت هێرشەکەى ئێران لە لایەکەوە چاوەڕوان نەکراوبوو چوون ئێران تا ئێستا نەیویستووە راستەوخۆ شەڕەکە بکات و لەڕێگەى وەکیلەکانیەوە شەرەکەى کردووە، بەڵام لەدواى هێرشەکەوە هەم رەوشى ناوچەکە و هەم جوگرافیای جەنگەکە ئاڵوگۆری بەسەردا هاتووەو ئیتر ئێستا تۆپەکە لەقاچى ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیدایە، پرسیارە گرنگەکەش ئەوەیە ئاخۆ وەڵامی ئیسرائیل چى دەبێت و لەکوێوە دەستپێدەکات و تاکوێ دەڕوات، ئاخۆ ئەویش وەک ئێران لەدواى هێرشێک دەڵێت ئۆپەراسیۆنەکەمان تەواو، یان ئەوەیە بەردەوام دەبێت و ئێران لەبن دێنێت؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP