دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 3 هەفتە

د. ڕێبین سەلام: هەندێک حزب دەیانەوێت لەڕێگەی فلاش میمۆرییەوە ببن بە حزبی یەکەم!

محەمەد جەمال – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ باس لەسەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکات و دەڵێت، ئەم سەردانە لەگەڵ سەردانەکانی تر جیاوازە و جیاوازییەکەش بابەتێکی زۆر گرنگی تاکتیکی و تاکنیکی لەخۆ دەگرێت.

د. ڕێبین سەلام، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بۆ هەرێم نیوز وتی، سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی سەردانی زۆر گرنگ و ستراتیژین و هەمیشە بە دەستی پڕەوە دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت، ئەگەر سەردانی ئەمجارە لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی عێراق و ناوچەکە و جیهاندا لێکی بدەینەوە، ئەو سەردانەی لە قاڵبی زەمەنی پێش سەردانی سودانی دایە کە بڕیارە لە ١٥ـی ئەم مانگە سەردانی ئەمریکا بکات، لەبەرئەوەی بەغدا پێویستییەکی زۆری بە پشتیوانی هەرێمی کوردستانە.

وتیشی، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی ڕایگەیاندبوو کە مەلەفەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا پێویستە چارەسەر بکرێ، بە تایبەت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئینجا سودانی سەردانی ئەمریکا بکات.

باس لەوەش دەکات، کە سەردانی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەردانەکانی پێشووی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا جیاوازە و جیاوازییەکەش بریتییە لە بابەتێکی زۆر گرنگی تاکتیکی و تەکنیکی، لەبەرئەوەی جاران هەر شاندێکی هەرێمی کوردستان کە سەردانی بەغدای دەکرد، لەگەڵ سەرکردەکان و بەرپرسان وبڕیاربەدەستانی بەغدا تاک بە تاک کۆ دەبووەوە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمجارە لەگەڵ پێکهاتەی حکومەتی عێراق بوو بە گشتی.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ڕوونی دەکاتەوە، کە پرسی هەڵبژاردن تەوەرێکی گرنگی ئەو سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ بەغدا، دەشڵێت" بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بابەتێکی تری وتوێژی شاندی هەرێم دەبێت بۆ بەغدا، چونکە دادگای فیدراڵی بووەتە دەستکەڵا و بەشێوەیەکی سیاسییانە لە دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.

لەبارەی بۆچونی وڵاتانیش  لەسەر پرسی بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردن، د. ڕێبین سەلام ئاشکرای دەکات، کە ئێستا وڵاتانی دونیا، بە تایبەت ئەمریکا و فەرەنسا و وڵاتانی کاریگەر لەسەر سیاسەتی عیراق هاتوونەتە سەر خەت و گومانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە کە هەندێک حزب و ئەڵقە لەگوێیی وڵاتانی هەرێمیی دەیانەوێت لەڕێگەی فلاش میمۆرییەوە ئەو ئامانجەیان بهێننەدی و ببن بە حزبی یەکەم!



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP