دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

کارۆخ خۆشناو: ئەمریکا لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

محەمەد جەمال – هەولێر

چاودێرێکی سیاسی باس لە چارەسەربوونی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکات و دەڵێ، ئەمریکا بۆ ئەم مەبەستە لەسەر هێڵە ڕۆڵێکی ئەرێنی دەگێڕێت.

کارۆخ خۆشناو، چاودێری سیاسی و سەرۆکی ئەنیستیتۆتی توێژینەوەی ئەمریکی – کوردی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند بۆ هەرێم نیوز گوتی، ئەمریکا چ وەک چاودێر چ وەک نێوەندگیر لەنێوان هەولێر و بەغدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو، هەروەها دوایین هەڵوێستی "ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوون و ئاشکرا بوو کە دەڵێ، پێویستە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند چارەسەر بکرێ و پێویستیشە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێ.

وتیشی، بەشێوەیەکی گشتی ئەمریکا ئاگاداری دۆخەکەیە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی شوبات سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی ئەنجامدا، بۆیە ئەمریکا لە ئێستادا لەسەر هێڵە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان.

دەشڵێت، ئەمریکا گەیشتۆتە ئەو ڕاستییە کە حکومەتی هەرێم پابەندییەکانی بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، هەروەها محەمەد شیاع سودانیش نیاز پاکی خۆی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان نیشانداوە و دوو مووچەی ناردووە، ئەمەش وا دەکات کە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی تریش چارەسەر بکرێت.

خۆشناو ڕوونیشی دەکاتەوە کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەنیا پرسی مووچە نیە، بەڵکو کۆمەڵە پرسێکی هەڵپەسێردراوی تریشە کە بەر مەبنای ڕێکەوتنێکی سێ لایەنەی نێوان کورد و سونە و شیعەیە و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەسەری ڕێکەوتوون.

ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمڕۆ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش گەیشتە بەغدا، ئەویش دیدار و کۆبوونەوەی چڕوپڕی لەگەڵ ماڵی شیعە و سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت و گفتوگۆی گرنگ دەکەن، بە تایبەت لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکان و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی تر.

سەبارەت بەو لایەنانەی کە لەکاتی چارەسەربوونی کێشەکان خۆیان دەکەن بە خاوەن، ئەو چاودێرە سیاسییە وتی، لە پرۆسەی دیموکراسی و بەر لە هەڵبژاردن، خەڵکێک خۆیان دەکەن بە هاوبەش یان خاوەنی سەرکەوتنەکان، جا ئەو کەسانە ئۆپۆزسیۆن بن یان هێز و لایەنی تر، بەڵام لە کاتی شکستەکاندا بەرپرسیارێتی هەڵناگرن و دەسەڵات بە بەرپرسیار دەزانن، ئەوەش کارێکی ئاساییە، چونکە کاری ئەوان ئەوەیە.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP