دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 پێش 4 هەفتە

کێشەکانى بەلوچ و سەرهەڵدانى جەیشولعەد

هەرێم نیوز

چەند رۆژێک پێش لە ئێستا و لەشەوى سێ لەسەرچوارى ئەم مانگە، گروپێکی چەکدار لە پارێزگاى سیستان و بەلوچستانى باشوورى رۆژهەڵاتى ئێران هێرشیان کردە سەر دامەزراوە سەربازییەکانى ئەو وڵاتە و چەند چەکدارێک لە هەردوولا کوژران، داواتر میدیاى فەرمی ئەو وڵاتە رایگەیاند دۆخەکەیان کۆنترۆڵکردووەو دۆخى پارێزگاکەیان هێوربووەتەوە.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئەم گرووپە کێن؟ چییان دەوێت؟ بۆچى لەدژى ئیران جەنگی چەکداریی ئەنجام دەدەن، وەک دەگوترێت تا کۆتایی سییەکان حکومەتیان هەبووە و دواتر حکومەتەکەیان هەڵوەشاوەتەوە، کێ ئەم کارەی کردووە؟ لەگەڵ ئەوەشدا بۆچى ئەم گرووپە بوونەتە هۆکارى کێشەى نێوان ئێران و پاکستان؟ بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارانەو و چەند زانیارییەکی دی لەم بارەیەوە لەم راپۆرتەدا دەخەینە ڕوو.

جەیشولعەدل کێن؟

رێکخراوى جەیشولعەل رێکخراوێکى سیاسی و سەربازی بەلوچی دژبەرى کۆمارى ئیسلامی ئێرانن، وەک خۆیان دەڵێن لە پێناو مافە نەتەوەیی و مەزهەبی و مرۆییەکانى خۆیاندا تێدەکۆشن، بەڵام ئەم رێکخراوە لە لایەن ئیران و چەند وڵاتێکى ترەوە وەک تیرۆریست ناسێنراون و لەناویشیاندا ئەمریکا هەیە کە بەردەوام هاوکارى نەیارەکانى ئێرانى کردووە.

دامەزراندن:

ئەم گروپە چەکدارە بەشیوەیەکى فەرمی لە ساڵی 2012 دامەزراوە، زۆرینەى ئەندامەکانى لە گروپى جنودوڵاى هەڵوەشاوە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتە توندو تیژییەکانى ئێران لە بەرامبەر دانیشتوانى ئەو پاریزگایەدا لە ڕووە ئاینى و نەتەوەیی و تەنانەت کەمی خزمەتگوزاییەکانیشەوە ئەو گروپە بەهێزتر بوون و ژمارەیان  بەرەو هەڵکشان رۆشتووە.

ئامانج:

ئامانجە سەرەکییەکەشیان رزگارکردنى پارێزگا بەلوچییەکەیانە لە دەستى ئێران و بووەتە یەکێک لە کێشەکانى نێوان ئێران و پاکستان و بەردەوامیش ئیران ئەو وڵاتە پاکستان بەوە تاوانبار دەکات کە داڵدەى ئەم گروپە دەدات و هاوکاریی مادى و مەعنەوییان دەکات و پاکستانیش بەردەوام رەتیدەکاتەوە.

جیاکاریی:

لە ڕووى مەزهەبییەوە پارێزگاى سیستان و بەلوچستان سوونە مەزهەبن، لە ڕووى نەتەوەییشەوە بەلوچن کە دابەشى سێ وڵاتى ئێران، پاکستان و ئەفغانستان کراون، لەڕووى خزمەتگوزایی و ئاستى ژیانیشەوە تاڕادەیەکى زۆر بە هۆی سیاسەتەکانى ئێرانەوە پەراوێز خراون هەربۆنموونە لەسەرنسەرى ئێراندا سەرجەم شارو شارۆچکەو تەنانەت گوندەکانیش کێشەى ئاوى خواردنەوە و کارەباو شەقام و تەنانەت غازیشیان نییە، بەڵام لەم پاریزگایەدا هێشتا ئەو جۆرە خزمەتگوزارییانە لە ناوەندى شارە گەورەکان تیپەری نەکردووە ژمارەیەکى زۆریان ئاوى خواردنەوەی خاوێنیان نییە، گوندەکانیان بێ کارەباو غازن و لەگەڵ ئەوەشدا کۆڵبەرى بوارى سوتەمەنى لەنیوان سنورەکانى پاکستان و ئیراندا چارەسەر نەکراوە و رۆژانەش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانى ئێرانەوە کۆڵبەریان لێدەکوژرێت، ئامارە فەرمییەکانى ئیرانیش باس لەوە دەکەن بەلووچەکانى ئیران ژمارەیان نزیکەى لە پێنج ملیۆن کەس.

کێشەى سنوور

هەرچەندە پاکستان رەتى دەکاتەوە کە بەفەرمی هاوکاریی ئەم گروپە بکات بەڵام نەیشاردووەتەوە پێدەچێت لەسەر سنوورەکان و لە شوێنە دوورە دەستەکانى وڵاتەکەیاندا چەکدارانی ئەم گرووپە هەبن و بەشێوەی نهێنى هاتوچۆیان هەبێت، بەڵام بەردەوام ئێران تاوانباریان دەکات و چەند جارێکیش بووە بابەتى ناکۆکی نێوانیان، هەردوولاش کاتێک روبەڕووى هێرش بوونەتەوە یان تەقینەوەیەک لە لایەکیان رویدابێت ئەو هێزەیان تاوانبار کردووەو لە هەمان کاتیشدا دنەدانى هێزەکەیان داوەتە پاڵ ئەوى دى، پێش لەم روداوەش لە رۆژی 16ى کانوونى دووەمی ئەمساڵدا ئیران رایگەیاند کە لەڕێگەى مووشەک و فرۆکەى بێفڕۆکەوانەوە دوو پەناگەى گروپى جەیشولعەدلیان لەناوخاکی پاکستاندا کردووتە ئامانج و ئەوەش بووە ئاڵۆزییەک لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

لەناوبردنى کیانى بەلوچ

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ئینگلیزەکان ئەو نەتەوەیەیان دابەشی وڵاتان کردووە، بەڵام ئیران توانیویەتى بەشی زۆری ئەو ناوچەیە بۆ خۆی وەربگرێتەوە بەشێکى تریشی بەر پاکستان و ئەفغانستان بکەوێت و بەردەوامیش بەلوچەکانى هەر سێ ولاتە داواى دەوڵەت و کیانێکى سەربەخۆیان کردووە و وڵاتەکانیش رەتیان کردووەتەوە، وەک سەرچاوە مێژووییەکانیش باسی دەکەن بەلوچەکان تا ساڵی 1939 حکومەتێکى سەربەخۆیان هەبووە بەناوى (خانەکلات) و کاروباری خۆیان بەڕێوە بردووە بەڵام ئینگلیزەکان کۆتاییان پێهێناوە.

پەرەسەندنى ناڕەزایی:

دواى ئەوەى لە ساڵی 2010 سەرکردەى لاوی جوندوڵاى بەلوچستان (عەبدولمالیک ریگی)ییان دەستگیرکرد و هەرلەو ساڵەدا لە سیدارەیان دا، کێشەکانى پارێزگاکە قوڵتربوونەوە، بەهۆی فراوانبوونى ناڕەزایەتییەکان لە سیاسەتەکانى ئێران لە بەرامبەر سونەکاندا ژماریەکی تر لە خەڵکى دیارى ناوچەکە چوونە ناو ئەو گروپە و ناوەکەیان گۆڕیی بۆ جەیشولعەدل و لە ئێستاشدا سەڵاحەدین فاروقى سەرۆکایەتى دەکات کە لە دایکبووى 1979 ى شارى راسکە کە هێرشی شەوى 3 لەسەر 4ى ئەم مانگەى تێدا ئەنجام درا.

پێکهاتەى ریکخراوەکە:

وەک سەرچاوەکان ئاماژەى پێدەکەن، رێکخراوەکە جگە لە دامەزراوەیەکى تایبەتى ئەمنى  و سێ یەکەى سەرەکی سەربازیی پێکدێت کە بریتین لە ، یەکەى عەبدولمەلیک مەلازادە، یەکەى شێخ زیائی و یەکەى مەولەوى نیعمەتوڵاى تەوحیدی. 

پەیوەندییان لەگەڵ قاعیدە:

هەرچەندە بەشێکى زۆر لە وڵاتانى جیهان ئەم گروپە بە لقێکی رێکخراوى قاعیدە ناودەهێنن، بەڵام خۆیان رەتی دەکەنەوەو سەربەخۆیی خۆیان نەشاردووتەوە و ئەوان دەڵێن ئامانجیان کارکردنە بۆ بەدەستهێنانى کیانێکى نەتەوەیی بەلووچ لەڕێگەى خەباتى ئاینییەوە کە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ئامانجەکانى قاعیدەدا کە بەهیچ شێوەیەک دان بە نەتەوەکاندا نانێت و بگرە کارکردن بۆ مافە نەتەوەییەکان بە شیرک و تاوان ناودەهێنێت.

شێوازی کارکردن:

زۆرینەى کارەکانى ئەم گروپە لە چالاکی پارتیزانى و جەنگی تاکەکەسی و هێرشی لەناکاوو ناردنى کەسانى خۆکوژدا بۆ نێو بارەگان دەبینێتەوەو کەمتر پەنا بۆ هیرشی پێکەوەیی و گەورە دەبەن، یەکێکى تر لە کارەکانیان پەرەپیدانى بازرگانى چەکە لەنێوان هەر سێ وڵاتى پاکستان و ئەفغانسان و ئێراندا بەو پێیەى ئەو نەتەوەیە لەو سێکوچکەیەدا بونیان هەیەو خزمایەتى و پەیوەندى خوێن لەنێوانیاندا هەیە.

ژمارەى چەکدارەکانیان

هەرچەندە بەتەواوەتى ناتوانرێت ژمارەیان بزانرێت بەڵام میدیا ئیرانییەکان چەکدارەکانیان بە کەم مەزەندە دەکەن و نەیارەکانی ئێرانیش دەڵێن چەکدارەکانیان نزیک دەبنەوە لە دوو هەزار کەس.

بەرلەکۆتایی:

کێشەى بەلوچستان لە ئیران کێشەیەکى فرە ڕەهەندى سیاسی، نەتەوەیی، مەزهەبی و خزمەتگوزارییە، لە هەمان کاتدا ناوچەیەکى ئێجگار گرنگیى ئیرانەو سنورێکى فراوانى لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستاندا هەیە، هەربۆیە بووەتە یەکێکى تر لە کێشە بنەڕەتییەکانى ئێران و لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەر ئەوەى کێشەکان بەشێوەى هێز و پەراوێزخستن و توندوتیژیی چارەسەر بکەن، کە ئەزموونەکانى رابوردوو دەریانخستووە ئەم جۆرە چارەسەرە وڵامی پێویست ناداتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP