هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت.
سوپاسی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاکوو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین.
لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتییانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دەکەم.
لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاداریش بکرێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/4/3