دواین هەواڵ

کوردستان‌

 پێش 3 هەفتە

لێدوانی وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 3ی فەرمانبەران

هەرێم نیوز 

محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، بەمزووانە لەگەڵ گەیشتنی بڕی پارەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەست دەکەین بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

هاوکات، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەغداد 352 ملیار دیناری دیکەی بۆ مووچەی هێزە ئەمنییەکان خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و لەو بارەیەوە وەزارەتى دارایى عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە.

وەزارەتى دارایى عێراق رایگەیاند "فەرمانگەى ژمێریاریى لە وەزارەتى دارایى مووچەى هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانى بۆ مانگى شوبات خەرجکرد".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "خەرجکردنى مووچەکە لەچوارچێوەى ئەو رێوشوێنانەدایە کە وەزارەتى دارایى عێراق دەیگرێتەبەر بۆ پارەدارکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەران و وەک پابەندییەک بە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى لەو بارەیەوە".

رۆژی شەممە 30ی ئازاری 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان دەستیکرد بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات و بەگوێرەى ئەو خشتەیەى راگەیەندراوە، تاوەکو کۆتایى ئەم هەفتەیە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکان مووچەى مانگى شوبات وەردەگرن.

هاوکات شەوى رابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتى هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچە بە سەرۆکایەتیی وەزیری دارایی بەرەو بەغداد بەڕێکەوت.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى وەزارەتەکە، شاندەکە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی سەرۆکایەتیی دەکات و ئامانجی سەرانەکە بۆ چارەسەرکردنی پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP