هەرێم نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی 4ی 2024 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ پێشوازیمان لە بەڕێز جينين پلاسخارت نوێنهرى تایبهتیی سكرتێرى گشتيى نهتهوه يهكگرتووهكان له عێراق کرد" .
دەشڵێت،" بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکەمان، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو" .
سەرۆکی حکومەت لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژەی بەوەش کردووە،" وێڕای دووپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەمان بەوە دا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت" .
وتیشی،" هەروەها جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت".
راشیگەیاند، "هاوڕابووین لەسەر نەهێشتنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لە پێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان".