دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 پێش 3 هەفتە

ئەو پارچە ئێسکەی لە گەرمیان دۆزرایەوە ئێسکی دەینەسوڕە یان شیردەرێکی گەورە ؟

هەرێم نیوز

دواى بارانە بەخوڕەکەى هەفتەکانى رابردوو لە گەرمیان،و دروستبوونی لافاو راماڵینی خاک، ئێسکى ئاژەڵێکى گەورە دۆزرایەوە، ئەندامی کۆمەڵەی گەردونناسانی تێکساسیش لەبارەى ئەم ئێسکەوە کۆمەێڵک زانیاریی زانستى ئاشکرا دەکات ودەشڵێت:  ئەو پارچە ئێسقانە گەورەیەی لە گەرمیان دۆزراوەتەوە بێ گومان هی شیردەرێکی گەورەیە.

لوقمان حەوزێز، ئەندامى کۆمەڵەى گەردونناسى تێکساس لە لاپەڕەى فەرمی خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی فەیسبوک لەبارى ئەم ئێسکەوە نوسیویەتى: ئەو پارچە ئێسقانە گەورەیەی لە گەرمیان دۆزراوەتەوە بێ گومان هی شیردەرێکی گەورەیە، من پێم وایە ئێسقانی ڕانی فیلی ئاسیاییە، فیلی ئاسیایی شیردەرێکی نێو دارستانەکانە و لەگەڵ ئەوەی ئێستا تەنیا لە هەندێک ناوچەی هیندوستان و ووڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەژی بەڵام تا پێش نزیکەی چوارسەد هەزار ساڵ لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەبووە و ژیاوە وەکو سوریا و عێراق و ئێران بەڵام دوایی لەبەر کەمبوونەوەی دارستانەکان و خۆراکی ئەوان لەو شوێنانە نەماوە، ئەو پارچە ئێسقانەش کە دۆزراوەتەوە بە ڕوواڵەت ئەوەندە کۆن دەرناکەوێت، ئەگەر لە پشکینینی تەمەنیدا دەرکەوت هێندە کۆن نیە و تەمەنی تەنیا چەند هەزار ساڵێکە ئەوا لەوانەیە ئەو فیلە لەلایەن مەملەکەتەکانی ئەو ناوچانە لە ئاسیاوە هێنرابێت بۆ ئەوێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، دور و نزیکیش ئەو ئێسقانە هی داینەسۆر نیە، چونکە داینەسۆرەکان لەو ناوچانەی ئێمە نەبوون و نەژیاون ئەویش لەبەر ئەوەی ئەو خاک و گڵەی ناوچەی گەرمیان خاکێکی نیشتووە و هێندە کۆن نیە تەمەنی لەنێوان 6 بۆ 10 ملیۆن ساڵە، داینەسۆرەکانیش 66 ملیۆن ساڵە لەسەر ڕووی هەسارەکەمان لەناوچوون بەهۆی بەرکەوتنی هەسارۆکەیەکی گەورە کە تیرەکەی نزیکەی 20 کیلۆمەتر بووە، شوێن و ئاسەواری بەرکەوتنی ئەو هەسارۆکەیە دۆزراوەتەوە کە کەنداوی مەکسیک بووە، بەڵام بەهۆی تینی بەرکەوتن و گۆڕینی ئاو هەوای هەسارەی زەوی هەموو داینەسۆرەکان و نزیکەی سەدا حەفتای ژیانی سەر وشکایی ئەوساکە لەناوبرد.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP