دواین هەواڵ

جیهان‌

 29/03/2024

ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەزە 32هەزاری تێپەڕاند

هەرێم نیوز

وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 71 فەلەستینی کوژراون و 112 کەسی دیکەش بریندار بوون.

 بەپێی ئەم بەیاننامەیە، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بۆ 32 هەزار و 623 کەس زیادی کردووە و ژمارەی بریندارانیش بۆ 75 هەزار و 92 کەس زیادی کردووە.

لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە بوونی تەرمەکان لە ژێر داروپەردوو و لە کەناری ڕێگاکەدا ڕوون کرایەوە کە تیمە پزیشکییەکان و بەرپرسانی بەرگری شارستانی ناتوانن بگەنە تەرمەکان بەهۆی ڕێگریی هێزەکانی ئیسرائیلەوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریداوە، لەکۆی دوو ملیۆن و 300 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بەلایەنی کەم 576 هەزار کەس واتا 25% دانیشتووانی ئەو کەرتە بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراک رووبەرووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP