دواین هەواڵ

جیهان‌

 پێش 2 هەفتە

سەدان خۆپیشاندەر لە ئەمریکا دەستگیردەکرێن

هەرێم نیوز

لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خوێندکاران لە دژی شەڕی غەززە لە زانکۆکانی ئەمریکا، پۆلیس سەدان خوێندکاری دیکەی دەستگیرکرد.

پۆلیسی بۆستن بە سی بی ئێس نیوزی ڕاگەیاندووە، نزیکەی 108 کەس لە کۆلێژی ئیمێرسۆن دەستگیرکراون.

پێشتر 93 کەس لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا لە لۆس ئەنجلۆس بە تۆمەتی "پێشێلکاری" دەستگیرکرابوون.

هەروەها لە زانکۆی تەکساس لە ئۆستن، گرژی لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس دروستبوو.  بەرپرسان ڕایانگەیاند کە 34 کەس لەوێ دەستگیر کراون.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی زانکۆ هۆڵەکانی خوێندنیان بەجێهێشتووە یان هەوڵی دانانی خێمەیان داوە بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایەتییەکانیان بەرامبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە.

دەستگیرکردنەکانی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی لە زانکۆکانی کۆڵۆمبیا، یێڵ و نیویۆرک دەستگیرکران.

خۆپیشاندەران داوای ڕاگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە دەگەن کە تا ئێستا زیاتر لە 34 هەزار کەس تێیدا کوژراوە و بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی زۆرینەیان ژن و منداڵی فەڵەستینین.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP