هەرێم نیوز
ئەمڕۆ یەکشەممە، یەكەمین كۆنفڕانسی دڵنیایی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و كۆنفڕانسەكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كاروباری دڵنیایی سەر بە وەزارەتی دارایی سەرپەرشتی دەكرێت.
كۆنفڕانسەكە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لەژێر ناونیشانی (دڵنیایی ژیان و سەرمایەت دەپارێزێت) لە شاری هەولێر بەڕێوە دەچێت.
بابەتەکانی کۆنفرانسەكە چوار پانێڵ لەخۆدەگرێت بەمشێوەی خوارەوە:-
پانێڵی یەکەم:
دامەزراندنی کۆمپانیای دڵنیایی نیشتیمانی لە هەرێمی کورستان.
پانێڵی دووەم:
کێشە و گرفتەکانی دڵنیایی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
پانێڵی سێیەم:
ڕۆڵی دڵنیایی لە گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ.
پانێڵی چوارەم:
ڕۆڵی تەکنەلۆجیای زانیاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی گەشەکردنی بازاڕی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان هەشت کۆمپانیایی خۆماڵیی کوردستانی و لقی دوو کۆمپانیایی سەر بە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ و شەش کۆمپانیای کەرتی تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان لە بواریی دڵنیاییدا کار دەکەن.
ئامانجەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە برەودان بەم کەرتە ئەمانەن:
- پشتیوانیی و مسۆگەرکردنی قەرەبووکردنەوەی هەر زیانێک کە بەر جموجۆڵی بازرگانی، وەربەهێنان و بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
-بۆ ئەوەی زۆرترین کۆمپانیا و براندی جیهانیی بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمایەکانیان لە پڕۆژەی جۆراوجۆردا بخەنە وەبەرهێنانەوە
-لە ڕەخساندنی هەلی کار و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری، ئەمە جگە لەوەی ئەو کێشە کۆمەڵایەتییانەش نامێنن کە لە ئەنجامی نەبوونی سێکتەرێکی کارایی دڵنیایی درووست دەبن.
-داهاتی تاک، کۆمەڵگە، کۆمپانیاکان و داهاتی گشتی زیاد دەکات. هاوکات سەرمایەی لایەنی دڵنیاییخواز لە لایەن کۆمپانیاکانی دڵنیاییەوە لە بواری وەبەرهێنان دەخرێتەگەر و ژێرخانێکی باشتری ئابووری دروست دەکات.