هەرێم نیوز
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا ڕایگەیاند، هەر كەسێك مووچەخۆر و فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە ڕاژەی مەدەنی و سەربازی لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت. وتیشی، ئێمە لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دەمانەوێت مەبدەئی یەكسانی تێدا بێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە گرنگیی بڕیاری دابەشكردنی زەوی ڕایگەیاند: بڕیاری دابەشكردنی زەوی، بڕیارێكی یەكجار گرنگە و لە بەرژەوەندیی فەرمانبەران و ئەو توێژەدایە كە لەناو میللەت و حكوومەتدا كار دەكات و ساڵانێكی زۆرە خۆیان بە شایستەی ئەوە دەزانن زەوی وەربگرن.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوە کرد: ماوەی 18 ساڵە زەوی بەسەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش نەكراوە، ئێستا جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دابەشكردنی زەوی لە بەرژەوەندیی ئەو خەڵكە زەحمەتكێش و ئیشكەرە دەدات، بێگومان ئەمەش خەمخۆریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیشان دەدات.
وتیشی: ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت ڕێزلێنانە لە ماندووبوونی ئەو خەڵكە سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانەی ڕووبەڕووی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بووەتەوە، بەڵام كار دەكەن و خزمەت دەكەن، بۆیە لەكاتێكی وادا جەنابی سەرۆكی حكوومەت پێی باش دەبێت و بڕیارێكی وا دەدات بۆ ئەوەی ئەو خەڵكە جارێكی دیكە بەو مافەیان شاد ببنەوە، وتیشی: بڕیاری دابەشكردنی زەوی، بڕیارێكی زۆر باش و زۆر گرنگ بوو، لەناو خەڵكیشدا كاردانەوەیەكی زۆر باشی هەبووە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە میكانیزمی دابەشكردنی زەوی وتی: هەفتەی داهاتوو وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكان كۆدەبینەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین و ڕێنماییان پێ دەدەین بۆ ئەوەی بەپێی ژمارەی مەزەندەكراوی ژمارەی فەرمانبەران لە سنوورەكانیان دەست بكەن بە ئامادەكردنی زەوی، ئەمەش پرۆسێسێكی یاسایی و ئەندازیاری و هونەرییە.
ساسان عەونی لەبارەی ئەو كەسانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن وتی: هەر كەسێك مووچەخۆر و فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت لە ڕاژەی مەدەنی و سەربازی لە بڕیاری وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبێت.
هەروەها وتیشی، ئێمە لە پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا دەمانەوێت مەبدەئی یەكسانی تێدا بێت لەنێو هەموو فەرمانگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەوڵدەدەن جیاكاری لەنێوان ئەو كەسانەی كە سوودمەند دەبن لە زەوی نەكرێت.