دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 21/03/2024

رۆژنامەی (العربي الجدید): كورد بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بە سیاسیكراو ناودەبات، شیعەكانیش بەرگری لێدەكەن

هەرێم نیوز 

رۆژنامەی (العربي الجدید) بڵاویکردووەتەوە، مشتومڕەكان لە عێراق لەبارەی ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی دادگای فیدراڵی و جاسم عومێری، سەرۆكی دەبێتەوە، لە هەڵكشاندایە، بە تایبەت دوای بڕیارەكانی ئەم دواییەی، كە حزبە كوردیەكان بە"سیاسیكراو" وەسفیانكرد، وێڕای قسەكانی پەرلەمانتارێكی پێشوی عێراق، كە رایگەیاند، سەرۆكی دادگای فیدراڵی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەڕەشەی لێكردووە.

رۆژنامەکە دەڵێت، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە هەفتەكانی رابردودا، كۆمەڵێك بڕیاری بێوێنەی دژی هەرێمی كوردستان دەكرد، بەوپێیە دەسەڵاتی مامەڵەكردنی كاروباری دارایی لە هەرێم سەندەوەو رادەستی بەغدادی كرد، وێڕای بڕیارێكی تری لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان و میكانیزمی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای بڕیارەكە، عەبدولرەحمان زێباری، كە دادوەرێكی كوردە، كشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی دادگاكە راگەیاند، لەبەرامبەر بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگاو بە نادروست ناوی هێنا، هەروەك پارتی دیموكراتی كوردستانی دەسەڵاتداریش لە هەرێمی كوردستان، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاندو هەڕەشەی كشانەوەشی كرد لە پرۆسەی سیاسی.

باسی لەوەش کردووە، حكومەت و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لەچەندین لێدواندا، رەخنەیان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی گرتووەو بە نادادپەروەر ناویانهێناوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارەكانی دادگای بە سیاسیكراو ناوبردووە.

رۆژنامەی (العربي الجدید) ئەوەشی خستووەتەڕوو، بازنەی رەخنەكان دژی دادگا فیدراڵی، تەنها پەیوەست نیە بە لایەنی كوردی، میشعان جبوری، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: عومێری هەڕەشەی لێكردووە، بەوەی لە ئەندامێتی پەرلەمانی دەخات، ئەگەر لەو هاوپەیمانیە سێقۆڵیە نەكشێتەوە كە (سەدرو بارزانی و حەلبوسی) پێكهێناوەو دەوڵەتی عێراق و سیستمی سیاسی كردووەتە ئامانج. 

ئەوەش هاتووە، لێدوانەكەی جبوری، دادگای فیدراڵی روبەڕوی لێشاوێك رەخنە كردەوە، ئەوەش دادگای ناچار كرد لە بەیاننامەیەكدا بڵێت، روبەڕوی هێرشێكی میدیایی ناوخۆی و دەرەكی بووەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەركە دەستوریەكانی بێت، هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانیشی كردووە، بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هەڵمەتەو شكستپێهێنانی.

دەشڵێت، لای خۆیەوە، چوارچێوەی هەمانگی، بەرگری لە دادگای فیدراڵی كردوەو داوای لە هێزە سیاسیەكان كردوە پابەندبن بە بڕیارەكانی، جەختیشكردووە لەوەی, پابەندن بە تەواوی بڕیارەكانی پێشوی دادگای باڵای فیدراڵی, سەرەڕای ئەوەی هەندێكیان لەبەرژەوەندیشی نیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 21ـی 2ی 2024، دادگای فیدیاڵیی عێراق بڕیاری دا، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە و بەغدا و هەولێر ناچار بکات مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە بانکى بکرێت و لیستى مووچە رادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵى بکرێت تاوەکو وردبینى بکرێت.

دواتر و رۆژی دووشه‌ممە، 18ی3ی2024، مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌: لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستوری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، لە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەند کردنی بریاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەلبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP