دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 15/03/2024

ئایا بە ڕۆژووبونى ژنانى دووگیان تەندرووست و ئاساییە؟

هەرێم نیوز

پزیشکێک دەڵێت بەپێی کۆمەڵێک هۆکار دەتوانین بڕیار بدەین ئایا بەڕۆژووبوون لەکاتی دووگیانی ئاساییە و کێشەی تەندروستی بۆ دایکەکە و کۆرپەکە دروست ئەکات یان نا، دەشڵێت، لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانی بەهۆی ئەوەی قۆناغێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەی کۆئەندامەکانی کۆرپە باشتر وایە لەو ماوەدا ژنانى دووگیان بە ڕۆژونەبن.

دکتۆر کەژان کاوە، پسپۆڕى نەخۆشییەکانی ژنان و        منداڵبوون لە نوسینێکدا ئاماژە بەوە دەکات، تا چەند تەندروست و ئاساییە ژنانى دووگیان لە مانگى ڕەمەزاندا بەڕۆژووبن و دەقى نوسینەکەشى بەمجۆرەیە:-

بەپێی کۆمەڵێک هۆکار ئەتوانین بڕیار بدەین ئایا بەڕۆژووبوون لەکاتی دووگیانی ئاساییە و کێشەی تەندروستی بۆ دایکەکە و کۆرپەکە دروست ئەکات یان نا .

لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانی بەهۆی ئەوەی قۆناغێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەی کۆئەندامەکانی کۆرپە و لەگەڵ ئەوەشدا ژنان لەم قۆناغە کێشەی دڵ تێکەڵهاتن و ڕشانەوەیان هەیە، کە وائەکات زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی وشک بوونەوە ببن و نەتوانن شلەمەنی و خواردنی پێویست بخۆن بۆیە باشتر وایە لەماوەی ئەم سێ مانگە خانمان بەڕۆژوو نەبن .

لە سێ یەکی دووەمی دووگیانی واتە لە مانگی ٤ ، ٥ ، ٦، بەپێی ئەم هۆکارانە ئەتوانین بزانین خانمەکە ئەتوانێت بەڕۆژوو ببێت یان نا ، کە ئەمانەن:-

یەکەم– باری تەندروستی گشتی دایکەکە بەر لە دووگیانی.

دووەم–  ئەو کێشانەی، کە بەهۆی دووگیانییەوە تووشی بووە بۆ نموونە شەکرەی دووگیانی ، بەرزی پەستانی خوێن، کەم خوێنی، لەم حاڵەتانە نابێت خانمەکە بەڕۆژووببێت.

سێیەم– ماوەی ڕۆژووگرتنەکە .

لە سێ مانگی کۆتایی دووگیانی بەپێی بەشێک لە توێژینەوەکان بەڕۆژووبوون و وشک بوونەوەی جەستە ئەگەری گرژبوونی رەحم و مناڵبوونی پێشوەختە زیاد ئەکات، لەبەر ئەم هۆکارە باشتر وایە خانمانی دووگیان بەڕۆژوونەبن.

 ئەوانەی لە سێ یەکی دووەمی دووگیانین و هیچ کێشەیەکی تەندروستییان نییە ئەتوانن بەڕۆژووببن، بەڵام پێویستە بە باشی ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن، کە ئەمانەن:-

یەکەم– ئەو کاتانەی، کە بەڕۆژوو نیت بڕێکی زۆرباش لە ئاو و شلەمەنی و خۆراکی تەندروست بخۆ .

دووەم– زیاتر ئەو خۆراکانە بخۆن، کە دەوڵەمەندن بە ماددەی ئاسن و کالسیۆم و ڤیتامینەکان و دووربکەونەوە لەو خواردن و خواردنەوانەی بڕێکی زۆر شەکری تیایە .

سێیەم– با خواردنەکەتان ڕێژەی پڕۆتینی زیاتر بێت، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆرتر وزەت پێ دەبەخشێت لەوانەش گۆشت، هێلکە، گوێز، بایەم .

چوارەم– کەمتر چا یان قاوە بخۆنەوە یان ئەو خواردنانەی دڵەکزێ زیاد ئەکەن .

پێنجەم– هەوڵبدەن زۆر خۆتان ماندوو نەکەن .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP