هەرێم نیوز
زانایان دەڵێن ئەگەر دەتەوێت تەمەنێکی درێژ بژیت پێویستە بە بەردەوامی وەرزش بکەیت. بەڵام ئەو پرسیارەی لێرەدا دەوروژێنرێت ئەوەیە، بەڕاستی چەند جوڵە و وەرزشکردن لە هەفتەیەکدا بەسە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە؟ بە پشتبەستن بە دوایین توێژینەوەکانیان، زاناکان دەڵێن، وەڵامی ئەم پرسیارە ڕێژەییە و لەم ڕووەوە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ژن و پیاودا هەیە.
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی زانایانی ئەمریکی و چینی دەریدەخات، کە لە ڕاستیدا ژنان لە وەرزشکردندا لە پیاوان خێراتر و زیاتر سوودمەند دەبن.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی مارتا گولاتی لە سەنتەری پزیشکی سیدارس-سینای لە لۆس ئەنجلۆس لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمریکا و هۆنگ وی جی لە زانکۆی پەکین سینگوا، پیاوان هەفتانە پێویستیان بە 300 خولەک وەرزشکردن هەبووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی مردن لەڕێی نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵەوە، لە کاتێکدایە ژنان تەنها 140 خولەکیان پێویستە.
بە واتایەکی تر، بەپێی ئەم توێژینەوەیە، خانمان پێویستیان بە وەرزشکردنێکی زۆر کەمتر هەیە بۆ ئەوەی هەمان سوودە تەندروستییەکانی پیاوان بەدەستبهێنن. ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە بە بەکارهێنانی داتای زیاتر لە ٤٠٠ هەزار کەس لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ٢٠١٩ بەدەست هاتووە و لە گۆڤاری کۆلێژی دڵی ئەمریکی (JACC) بڵاوکراوەتەوە.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا گوڵاتی و هاوکارەکانی ویستوویانە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی وەرزشکردن لەسەر تەندروستی مرۆڤ بکەن. ئەوان داتابەیسی NHIS یان بەکارهێناوە و زیاتر لە 400 هەزار کەسیان پشکنیوە کە 55%یان ژن بوون.
لەم داتابەیسەدا پرسیارنامە سەبارەت بە جۆر و بڕی چالاکیی وەرزشی خەڵک لە هەفتەیەکدا تۆمار کرا، و دەرکەوت لە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی ئەم توێژینەوەیە نزیکەی ٤٠ هەزار لەو کەسانە گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش ١١ هەزار و ٦٧٠ کەس بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان ژیانی خۆیان لەدەستداوە.
توێژەران بەردەوام بوون لە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەوەی ئایا تا چەند مەترسی مردن لە ڕێگەی وەرزشەوە کەم دەبێتەوە.
بەگوتەی ئەوان وەرزشی بەردەوام ئەگەری مردن بە تێکڕا 15% بۆ پیاوان و 24% بۆ ئافرەتان کەمدەکاتەوە، بەبەراورد بەو کەسانەی هیچ وەرزشێک ناکەن.
سەبارەت بە کەمبوونەوەی مەترسی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، ئەم کەمبوونەوەیە لەڕێگەی وەرزشەوە 14% بۆ پیاوان و 36% بۆ ئافرەتان بووە. زانایان دەڵێن، خاڵی گرنگی ئەم توێژینەوەیە ئەوەیە کە دەریدەخات کاریگەری وەرزشکردن لەسەر ئافرەتان و پیاوان جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە.
بە واتایەکی تر وەرزشی بەهێز لە پیاوان بۆ ماوەی 110 خولەک لە هەفتەیەکدا مەترسی مردنیان بە ڕێژەی 19% کەمدەکاتەوە. هاوکات ژنان دوای تەنها 57 خولەک لە ڕاهێنانی چڕ لە هەفتەیەکدا ئەم بڕە بەدەست دەهێنن.
بەگوتەی گوڵاتی، تیمی لێکۆڵینەوەکە هیواخوازن ئەنجامی ئەم توێژینەوەیە هانی زیاتری خانمان بدات بۆ ئەوەی چالاکی جەستەیی بکەن، چونکە ئەوە دەردەخات کە خانمان دەتوانن کاتێکی کەمتر لە پیاوان بەسەر بەرن بۆ ئەوەی سوودە تەندروستییەکانی وەرزش بچێننەوە.