دواین هەواڵ

کوردستان‌

 12/02/2024

وەزارەتی ئەوقاف چەند بڕیارێكی بۆ پرسە دانان و نرخی قورئان خوێندن دەرکرد

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی چەند بڕیارێكی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرسە لە مزگەوتەكان و خێمەی بەردەم ماڵەكان دەركرد و دەڵێت، قورئان خوێنەكان پابەند بن بەو نرخەی بۆیان دیاری كراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 12ی 2ی 2024، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی لە گشتاندنێکدا دەڵێت، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و دروست نەبوونی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان لەكاتی پرسەدا، مامۆستا و خزمەتگوزاری مزگەوت دەستوەردان نەكات لەبابەتی بەكرێدانی خێمە و كورسی و قورئان خوێن بۆ پرسە.

ڕاشیگەیاندووە، هیچ بڕە پارەیەك داوا نەكرێت بۆ بەكرێدانی هۆڵی پرسە و قورئان خوێن پابەند بێت بەو نرخەی بۆی دیاریكراوە لەلایەن وەزارەتی ئەوقافەوە، كە 50 بۆ 70 هەزار دینارە.

هەر لە گشتاندنەكەدا هاتووە، “ڕێگە نەدرێت بە گێڕان و دانانی چایی و قاوە لە مزگەوتەكاندا لەكاتی دانانی پرسە، چونكە دەبێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان و خاوەن پرسە و زیادە خەرجییە”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP