دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 07/02/2024

د. سەرسام شوانی: پێویستە هەرێمی کوردستان واقیعیانە مامەڵە بکات

محەمەد جەمال – هەولێر

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە هەڕەشە و بوردومانەکانی ئێران لەسەر هەرێمی کوردستان دەڵێ، پێویستە ئەو بابەتە لەڕێگەی عێراقەوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان بجوڵێندرێ و هەرێمی کوردستانیش واقیعیانە مامەڵەی لەگەڵ بکات.

د. سەرسام شوانی، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بابەتی لێدان لە گرووپەکانی سەر بە ئێران وتی، ئەوەی لە سیاسەتی ئەمریکا جێگیرە، بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندییە زیندووەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی وڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو ناوچانەی کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای تێدایە.

وتیشی، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، ئەو بابەتانەن کە پەیوەندیدارن بە بابەتی ئۆکرانیا و غەزە و شیعەکانی ناو عێراق کە بە پاڵپشتی ئێران کاریگەرییان زیاتر بووە.

دەشڵێت، ئەو کاریگەرییانە ئەگەر بەشێوەیەکی واقیعیانە کۆنترۆل نەکرێن، ڕەنگە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەری بەسەر وڵاتانی کەنداو و عێراق بەتایبەتی هەبێت.

سەبارەت بە هەڕەشە و بوردومانەکانی ئێرانیش بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان گوتی، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بە دەوڵەتی عێراقەوە پێناسەی بۆ دەکرێت، بۆیە ڕاستەوخۆ ناتوانێت ئەو بابەتە لە نەتەوە یەکگرتوەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش بجوڵێنێت، بەڵام دەتوانێت لەڕێگەی عێراقەوە ئەو کارە بکات.

دەشڵێت، عێراق سیادە و سەروەرییەکەی زۆر لاوازە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری وڵاتان، بە تایبەت ئێران کە لەهەموو محالفە نێودەوڵەتییەکاندا کاریگەری بەسەر عێراقەوە هەیە.

شوانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان پێویستە بەشێوەیەکی زۆر واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانە بکات، بەتایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندیدارن بە چارەنووسی هەرێمی کوردستان کە بابەتی ئەمنی و وزە دوو بابەتی زۆر گرنگن. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP