دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 10 کاتژمێر پێش ئێستا

بن سەلمان هانا بۆ ئەمریکا دەبات؛ مووشەکی حوسییەکان لە قووڵایی سعودیە دووەم بنکەی سەربازی دەکەنە ئامانج

 

 
تەقینەوەی بەرەی یەمەن و بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی سعودیە لە کاتێکدا دێت کە قەیرانی وزە لە ناوچەکەدا چووەتە قۆناغێکی نادیارەوە
لە پەرەسەندنێکی سەربازیی مەترسیداردا، چەکدارانی ئەنساروڵڵای حوسی بە مووشەکی بالیستی و درۆن هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی "شا خالید" لە خەمیس مشیت لە باشووری سعودیە و پێگەی فڕۆکە، ڕادار و کۆگاکانی چەکیان لەو بنکەیەدا کردە ئامانج، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە بۆردومانکردنی بنکەیەکی سەربازیی دیکە لە شارۆچکەی شەروورەی سەر بە نەجران. ئەم پەرەسەندنانە هاوکات بوون لەگەڵ کۆبوونەوەی بەپەلەی شازادە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە لەگەڵ ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە ڕیاز، دوای ئەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باسیان لە ڕەتکردنەوەی داوایەکی ڕیاز لەلایەن دۆناڵد تڕەمپەوە کرد بۆ دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ دژی حوسییەکان بە بیانووی پەیوەندیگرتنی حوسییەکان لەگەڵ واشنتن و دەربڕینی بێمەیلییان بۆ شەڕ لەگەڵ ئەمریکادا. لە کاردانەوەدا، یەکێتیی ئەوروپا و کۆریای باشوور هێرشەکانی سەر سعودیە و دەستوەردانی هێزە نزیکەکانی تارانیان ئیدانە کرد، لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە دەستی لە بڕیارە سەربازییەکانی حوسییەکاندا هەبێت.
لە ناوخۆی یەمەنیشدا، هاوکات لەگەڵ کوژرانی زیاتر لە ٥٠٠ چەکدار لە هەفتەی ڕابردوودا و کوژرانی ٨ سەربازی سوپای حکومەت لە هێرشی مووشەکیی حوسییەکان لە نێوان مەئریب و جەوف، فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف-١٥ و تایفۆنی سعودی لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٥٤ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێگەکانی حوسی لە پارێزگاکانی تەعیز، لەحج، جەوف، مەئریب و حودەیدە ئەنجامداوە. لە ڕووی مەیدانییەوە حوسییەکان دوای کۆنتڕۆڵکردنی کەناراوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن، چوار دوورگەی ستراتیژیی باب ئەلمەندەبیان کۆنتڕۆڵ کردووە، ئەمەش هەناردەی نەوتی سعودیەی خستووەتە ژێر مەترسیی ڕاستەوخۆوە، بەتایبەت دوای وەستانی کاتیی هێڵی بۆریی نەوتی "ڕۆژهەڵات-ڕۆژئاوا" بەهۆی هێرشی درۆنییەوە، کە وایکردووە عەمبارەکانی نەوتی یەنبەع لەسەر دەریای سوور تەنیا بۆ ٥ تا ٧ ڕۆژ توانای بەردەوامیی هەناردەکردنیان هەبێت، هاوکات نرخی نەوتی جیهانیش زیاتر لە ٢٪ بەرزبووەوە. لە پەنای ئەم وێرانکارییە سەربازییەدا، ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی زەنگی کارەساتی مرۆیی لێدا و ڕایگەیاند کە شەڕی نوێ زیاتر لە ٩٣ هەزار هاووڵاتیی یەمەنی ناچار بە ئاوارەبوون کردووە و دەیان هەزار خێزان لە دەوروبەری تەعیز و موخا بێ سەرپەنا و خۆراک کەوتوونەتە ژێر دارودوەنەکان، لەگەڵ هەڵاتنی بەکۆمەڵی خەڵک لە ڕێگەی دەریای سوورەوە بەرەو وڵاتی جیبۆتی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP