هەرێم نیوز
بانکی ئەهلیی عێراق رایگەیاند، پەیوەندی بە دەستپێشخەریی (هەژماری من)ەوە کردووە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی مووچە لە رێگەی بانکەکانەوە رایگەیاندووە. بانکەکە دەشڵێت، چەندین ئاسانکاری لە چوارچێوەی "هەژماری من" پێشکێش بە فەرمانبەرانی کوردستان دەکات، لەنێویاندا پێدانی قەرز.
بانکی ئەهلیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دەڵێت ، "پەیوەندیمان بە هەژماری منەوە کردووە، کە تایبەتە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەری کوردستان لە رێگەی بانکەوە، لەو رێیەشەوە قەرز و ئاسانکاریی بانکییان پێدەدرێت."
بانکی ئەهلیی عێراق باسی لەوەش کردووە، "پێدانی مووچە لەڕێگەی بانکەوە یەکێکە لە میکانیزمە ئاسایش و گونجاوەکان بۆ پێدانی مووچە و فەراهەمکردنی ئاسانکاریی دارایی بۆیان."
بانکەکە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، هەڵبژاردنی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە کە حکومەت بە بانکەکەیان هەیەتی لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی گرنگەوە.
هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.