هەرێم نیوز
باسم خزەیر، وەزیری نوێی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی لە کابینەی نوێدا گرنگییەکی تایبەت بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دەدات و کار دەکەن بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی ناکۆکی و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر.
ئەمڕۆ شەممە (١٦ی ئایاری ٢٠٢٦)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە تەلاری وەزارەتی نەوت بە بۆنەی ئاڵوگۆڕی پۆستی وەزاری لەگەڵ وەزیری پێشوو بەڕێوەچوو، باسم خزەیر ڕایگەیاند: "دۆسیەی وزە و نەوتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چاودێری و گرنگیپێدانی تایبەت هەیە؛ پێویستە پیشەسازیی نەوت لە هەرێمی کوردستان نزیک و هاوشێوەی تەواوی ناوچەکانی تری عێراق بێت."
وەزیری نوێی نەوت جەختی لە پاڵپشتیی بەغدا بۆ هەولێر کردەوە و گوتی:"پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا، چونکە دواجار ئەمە لە بەرژەوەندیی تەواوی وڵاتدایە و سامانە سروشتییەکانیش لە هەر ناوچەیەکی عێراق بن، موڵکی تەواوی خەڵکی عێراقن."
لەبارەی قەیرانی وزە و دۆخی هەناردەکردنی نەوت لە کاتی داخرانی گەرووی هورمزدا، باسم خزەیر ئاشکرای کرد، بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە سەربازی و سیاسییانەی لە ناوچەکەدا هەن، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی عێراق کەمبووەتەوە و ڕۆژانە کەمتر لە ١.٤ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.
ئەم بەڵێنانەی وەزیری نوێی نەوتی عێراق لە کاتێکدایە، کە ناڕوونی و ناستراتیژیی دۆسیەی نەوت و غازی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەندین حکومەتی ڕابردووشدا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکییەکە بریتین لە:
• تێچووی بەرهەمهێنان و شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکانی وەبەرهێنەر لە هەرێمی کوردستان.
• شێواز و جۆری گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم.
• پەککەوتنی پڕۆژەیاسای نەوت و غازی فیدراڵ لە پەرلەمانی عێراق، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە تا ئێستا بەهۆی ململانێ سیاسییەکانەوە نەتوانراوە پەسند بکرێت و وەک چارەسەرێکی ڕیشەیی بەکاربهێنرێت.