هەرێم نیوز
رۆبەرت جەنریک، وەزیری کاروباری کۆچبەرانی بەریتانیا دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە، لە دوای ئەوەی بۆچوونی جیاوازی لەگەڵ ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران هەبوو، لەبارەی کاراکردنەوەی بەرنامەی رەوانەکردنی پەناخوازان بۆ رواندا.
رۆبەرت جێنریک وەزیری کۆچبەرانی بەریتانیا، رۆژی چوارشەممە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی حکومەتەکەی سوناک کرد، دوای ئەوەی حکومەت یاسایەکی خێرا و بەپەلەی بڵاوکردەوە، کە پەیوەندی بە رێککەوتنێکی نوێی بەریتانیا و روانداوە ھەیە و گرنگترین خاڵەکانی ناردنی کۆچبەرانی بەریتانیایە بۆ وڵاتی رواندا لە رۆژھەڵاتی ئەفریقا.
ئەو رێککەوتنە بەریتانیا لەگەڵ رواندا، دووەم رێککەوتنە دوای ئەوەی دادگای باڵای بەریتانیا پلانی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا رەتکردەوە و رایگەیاند، ناردنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە نایاساییە و ژیانی کۆچبەران دەخاتە مەترسییەوە.
جەنریک لە درێژەی نامەکەیدا، کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تێیدا نووسیوویەتی، "حکومەت بەرپرسیارە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان لەسەروو لێکدانەوە جیاوازەکانی یاسای نێودەوڵەتی دابنێت. بۆیە ناتوانم ئەو پرۆژە پێشنیازکراوە رەوانەی پەرلەمان بکەم و بڕواموایە ئەو پرۆژە یاسایە، هەلێکی باشمان دەداتێ کە لەو پلانەدا سەرکەوتوو بین".
جەنریک، کە لە ساڵی 2014وە ئەندامی پەرلەمانە و سەر بە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارە، پێش ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرێت، وەزیری دەوڵەت بووە بۆ کاروباری نیشتەجێبوون.