هەرێم نیوز
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند: ئەگەر کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە لە عومان سەرکەوتوو نەبێت، ئەمریکا دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران ڕادەگرێت.
ویتکۆف کە نوێنەری ئەمریکایە لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، وتی: ئەگەر کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممە بەرهەمدار نەبێت، بەردەوامی نابێت و ناچار دەبین ڕێگایەکی دیکە هەڵبژێرین.
وتیشی: نابێت هیچ بەرنامەیەکی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێراندا بمێنێتەوە. "دەبێت پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە ناوچەکانی نەتەنز و فۆردۆ و ئیسفەهان هەڵبوەشێنرێنەوە."
لەبەرامبەردا عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: ئێران وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی ئێن پی تی مافی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە و هۆشداریی داوە: هەڵوێستی پەڕگیرانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکان.
ترەمپ پێشتر ڕایگەیاندبوو یان دانوستان لەگەڵ ئێران دەکرێت یان ڕێگەی سەربازی دژی دەگرنەبەر.
بڕیارە خولی چوارەمی دانوسانەکانی ئەمریکا و ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە لە عومان بەڕێوەدەچێت. سێ خولی پێشوو لە ڕۆما و مەسقەت بەڕێوەچوو. ئەم دیدارە پێش گەشتەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدرێت.