هەرێم نیوز
بومەلەرزەیەکى به‌هێز كه گوڕه‌كه‌ى زیاتر له‌پێنج پله بوو، شارۆچکەی گێملیکی سەر بەپارێزگای بورسەی له‌تورکیا هەژاند.
سه‌رۆكایه‌تیی بەڕێوەبردنی كاره‌سات‌و باری له‌ناكاو (ئافاد)ى توركیا ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، نزیکەی کاتژمێر 10:42 خولەک، بومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.1 پلەی ڕێختەر شارۆچکەی گێملیکی سەر بەپارێزگای بورسەی له‌تورکیا هەژاندوه.
به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى توركیا، هاوڵاتییان لەشاره‌كانى ئیستانبوڵ‌و پارێزگاکانی دیکەی دەوروبەری بورسە هەستیان بەبومەلەرزەکە کردوەو لەترسی دوبارە ڕودانەوەی، لەماڵەکانیان چونه‌ته دەرەوەو تائێستاش زیانە گیانی‌و مادییەکانی بومەلەرزەکە نه‌زانراون.
له‌لایه‌كى دیكه‌وه هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نوسیویه‌تى، "بومەلەرزەکە بەگوڕی پێنج پلەی ڕێختەر ڕویداوەو لەهەردوو پارێزگای ئیستانبوڵ‌و بورسە هەستی پێکراوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، 23ی تشرینی دوەمی 2023، دوو بومەلەرزە بەگوڕەکانی 5.2و 4.7 پلەی ڕێختەر پارێزگای مەڵاتیای باکوری کوردستانیان هەژاند، جیاوازی نێوان هەردوو بومەلەرزەکە تەنها سێ خولەک بوەو لەناوەندی پارێزگای مەڵاتیاو شارۆچکەکانی دەوروبەری هەستی پێکراوە.
بەرەبەیانی ڕۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بومەلەرزەی وێرانکەر بەگوڕەکانی 7.7و 7.6 پلەی ڕێخته‌ر تورکیا‌و باكوری كوردستان، هه‌روه‌ها سوریا‌و ڕۆژئاوای كوردستانیان ھەژاندو لەھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی ڕێخته‌ر ھەستی پێکرا، بەهۆی بومەلەرزەکان، هەزاران هاوڵاتی گیانیان لەدەستداو سەدان باڵەخانەش وێرانبون.