هەرێم نیوز
لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو تەن هەنگوینی کوالیتی بەرزی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە دەوڵەتی قەتەڕ.
تا ئێستا تەنێک هەنگوین بە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فرۆشراوە کە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت و ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی هەنگەوانانی کوردستان.
ئەم هەوڵە بە سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەرتی تایبەت ئەنجامدرا، کە زیاتر لە 200 هەنگەوان تێیدا بەشدارن و نزیکەی 100 هەلی کار دەرەخسێنێت. هەروەها پەیوەندیی نوێ لەگەڵ فرۆشیار و بازاڕەکانی قەتەڕ و وڵاتانی دیکەی کەنداو بە گشتی دروست دەکات. هەنگوینەکەش هی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە.
ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ هەناردەکردنی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا.
مهسرور بارزانی سهرۆكوهزیرانی ههرێمی كوردستان له ههژماری تایبهتی خۆی لە فهیسبووك نووسیوویهتی: هەمەچەشنكردنی ئابووری و پشتیوانیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین.
هەروەها سەرۆکی حکومەت نوسیویەتی،" هەنگوین بەشێکی گرنگی بەرهەمی نیشتمانیمانە، خۆشحاڵم کە لە ئەمڕۆوە، هەنگوینی بەچێژ وکوالێتی بەرزی کوردستان لە بازاڕەکانی دەوڵەتی قەتەڕ بەردەستە و زیاتر لە دوو تەن هەنگوین بە سەرکەوتوویی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەناردە کرا."