هەرێم نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیوانی وەزارەتی کارەبا، بە سەرپەرشتیی كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبا و دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەبارەت بە کەمبوونەوەی کارەبا و سیستەمی پریبەید بەڕێوەچوو.
وەزارەتی كارەبا لە كۆبونەوەیەكدا لەبارەی دۆخی خراپی كارەباوە رایگەیاند: هۆكارەكانی كەمبوونەوەی كارەبا و پڕۆژەی پریپەید و نرخی كارەبای 24 كاتژمێریی پرۆژەكانی نیشتەجێبوونی وەبەرهێنان خرایەڕوو.
ئەوەش خراوەتە روو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان پشتگیریی خۆیان بۆ پێشنیاری وەزارەتی كارەبا بۆ دابەزاندنی نرخی كارەبای پرۆژەكانی نیشتەجێبوونو كارگەكان دەربڕی، كە لە چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران دایە.
ئاماژە بەوەشکراوە، پارێزگاری هەولێر داوای كرد ڕەچاوی پشكی پارێزگای هەولێر لە پێدانی كارەبا بكرێت و جەختی لە تێستی وەرزی بۆ پشكی كارەبای پارێزگاكان كردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارگرانیی سەر کارەبا کرا، کە خواست لەسەر کارەبا شەش هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا بەرهەمهێنان تەنیا سێ هەزار مێگاواتە و زیادکردنی بەرهەمیش پێویستی بە سووتەمەنی و بوودجە هەیە.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە،پێداگیریی لەسەر داواكارییەكانی هاوڵاتیان لەوانە دانیشتوانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان كراو بەمنزیكانە بڕیاری گونجاو لەبارەوە دەدرێت.