هەرێم نیوز
ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، ئه‌و تۆمه‌تباره‌ی نزیكه‌ی شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر فرسه‌ت مه‌له‌كی كه پیشه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بو كوشت، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵاتوه و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوه.
ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، له‌ڕۆژی 2ی (ئایار/5)ی 2023 له‌سه‌ر ڕێگای (هیزۆپ-قه‌مته‌ران) له ئیداره‌ی ڕاپه‌ڕین له ڕوداوێكی نادیار هاوڵاتی (فرسه‌ت مه‌له‌كی) كه پیشه‌ی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بوه، ده‌كوژرێت و تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه هه‌ڵدێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "هێزه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ڕاپه‌ڕین دوای ڕوداوه‌كه لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچونیان له‌سه‌ر فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستپێكرد، زانیاری ورد له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ری تاوانه‌كه به‌ده‌ستهات و دوای كۆكردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان و پشتبه‌ست به‌زانیاری و كامێرای چاودێری، توانرا تۆمه‌تباری ڕوداوه‌كه ده‌ستنیشان بكرێت و بڕیاری ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن دادوه‌ره‌وه بۆ ده‌ربكرێت".
ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم باسی له‌وه‌شكردوه، تۆمه‌تبار له‌ڕێگه‌ی سیمكارتی بێسه‌ره‌تاوه په‌یوه‌ندی به تاوانلێكراوه كردوه، به مه‌به‌ستی كڕینی ئۆتۆمبێل فریویداوه و تۆمه‌تبار به‌بیانوی له‌كاركه‌وتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی، تاوانلێكراو ده‌باته ده‌ره‌وه‌ی شار و چه‌ندجارێك به بیانوی جۆراوجۆر ناونیشانی شوێنیان ده‌گۆڕن و به‌مه‌ش تاوانلێكراو گومان ده‌كات و هه‌ڵدێت، به‌ڵام له‌سه‌ر ڕێگای نێوان گونده‌كانی ( هیزۆپ و قه‌مته‌ران ) تاوانه‌كه ئه‌نجام ده‌درێت.
ده‌شڵێت، "تۆمه‌تبار به‌ناوی ڕێبوار ته‌ها محه‌مه‌د به‌پێی زانیارییه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش له‌ئێستادا هه‌ڵهاتوه بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌بڕیاری دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه به مادده‌ی 405 فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌ركراوه و لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كه به‌رده‌وامه".