دواین هەواڵ

کوردستان‌

 20/11/2023

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کۆبوونەوە

هەرێم نیوز 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کرد کە بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.

رۆژی دووشەممە (20ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی گشتی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا ئاڵوگۆڕ کرا.

سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان قوربانییەکی زۆری لەپێناو مافەکانی داوە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکات.

بۆریس جۆنسن وتیشی، هەرێمی کوردستان هەمیشە شوێنێکی تایبەتی لای من هەیە و بەردەوام دەبم لە پشتیوانی کردنتان.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا جەختی لە پێویستیی هەبوونی گەشتی فڕۆکەوانیی راستەوخۆی نێوان هەولێر و لەندەن کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەریتانیای کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردستان و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێم کردەوە لەپێناو سەقامگیربوونی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP