مانگێگ زیاتر بەسەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس دا تێدەپەڕێت، لە زۆرینەى وڵاتانى دونیادا خەڵک هاوارى لێهەستاوە، بەڵام ئەوەی جێگەى تێڕامانە پشتیوانى نەکردنى جەماوەریی خەڵکی ئێرانە لە خەڵکی فەلەستین و غەززە، ئەوەی کەهەیە تەنها لە میدیاى حکومییەوە هەندێک لێدوان هەیەو تاوناتاوێکیش وتەبێژەکەیان بابەتەکە خاو دەکاتەوەو دەڵێت ئێمە دەستێوەران لە کاروبارى فەلەستین ناکەین!
ئەوەى جێگەى پرسیارە ئەوەیە بۆچى لەم هەلومەرجە سەخت و هە ستیارەدا خەڵکی ئێران بێدەنگن؟ لە کاتێکدا لەنێو وڵاتانى رۆژئاوایی و بگرە هەموو جیهانیشدا خۆپیشاندانى گەورە بەرپا دەکرێت و لانى کەم داواى ڕاگرتنى جەنگەکە دەکرێت، ئەى خێرە وا لە ئێران هیچ جموجوڵێک لە ئارادا نییە؟
وەک چاودێران باسیدەکەن، لەنێوخۆی ئێران و بەشێک لە بەرپرسەکانى ئەو وڵاتەش بە ئاشکرا لە رۆژنامەکانى خۆیاندا نەیانشاردوەتەوە پشتیوانى کردنى ئێران لە غەززەو فەلەستینیان ڕەتکردوەتەوەو باوەڕیان وایە نابێت ئێران خۆی لە جەنگێکەوە بئاڵێنێت کە جەنگی ئەو نییە.
لە رۆژنامەى "اعتماد ئۆنلاین" دا کە پشتیوانى لە ڕەوتى چاکسازیی دەکات لە ئێران، پرسیارێکیان وروژاندووە و دەڵێن: بۆچى تارانییەکان وەک خەڵکی لەندەن و پاریس پیشیتوانى لە غەززە ناکەن و خۆپیشاندانى ملیۆنى بەرپاناکەن؟
ئەوە لە کاتێکدا لە پێشوودا ئێرانیەکان خۆیان بە پارێزەر و قەزاوەگێڕیی فەلەستینیەکان دەزانى!
لەوەڵامی ئەو پرسیارەدا رۆژنامەکە نوسیویەتى: هۆکارەکەى ئەوەیە ڕێبەرى وڵات و بەرپرسە باڵاکان پیشتیوانیی لەخەڵکی فەلەستین دەکەن، بەڵام ئایا ئەم وەڵامە خوێنەر قایل دەکات؟
لەبەرامبەر ئەم کارەى رۆژنامەى "اعتماد" دا رۆژنامەى "شرق" بابەتێکی کورشی ئەحمەدی دبلۆماتکاری پێشووى ئێرانى دابەزاندووە بەناوى (ئێرانییەکان و کێشەى فەلەستین) تیایدا هاتووە: بێ باکی خەڵکی ئێران گەورەترین کاردانەوەى ئێرانییەکان بوو بەرامبەر کێشەى ئەمجارەى خەڵکی فەلەستین.
لەلایەن خۆشیەوە
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووى دەرەوەى ئێران لە نوێترین لێکدانەوەیدا ناڕاستەوخۆ پشتیوانى لە بێدەنگی خەڵکى ئێران کردوە و پێیى وایە ئێران ناتوانێت بە ئاشکرا پشتیوانى لە فەلەستینیەکان و خەڵکی غەززە بکات لەم قۆناغەدا، لە پانێڵێکی تایبەت بەم کێشەیەدا لەتاران گوتویەتى: لە دەستورى هەمیشەیی ئێراندا هاتوە کە ئێران پشتیوانى لە خەڵکی هەژارو ژێردەستەکان دەکات، بەڵام نەگوتراوە ئێران لە بری ئەوان بجەنگێت، هەروەها گوتوشیەتى پێویست ناکات لەم قۆناغەدا ئێمە بودجەیەکی دیارى کراو بۆ ئەو جەنگە لەبەرچاوبگرین.
لەپێش هەڵگیرسانى ئەم جەنگەى دوایی نێوان ئیسرائیل و حەماس، سادقى زیبا کەلام، شرۆڤەکاری سیاسیش گوتویەتى: ئەگەر ڕاپرسییەک لە ئێران ئەنجام بدرێت و خەڵک بە ئازادى دەنگ بدەن، پێموایە زۆرینەى ئێرانیەکان دەنگ دەدەن لە دژى ئەو سیاسەتى کە نەیاریی و ڕکابەرى لەگەڵ ئیسرائیل دەکات.
لەگەڵ ئەوەشدا کۆمارى ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتاى دروستبونیەوە دروشمى مردنى ئەمریکا و ئیسرایلى بەرزکردوەتەوە. پشتیوانیکردنى لە کێشەى فەلەستین بە ئەولەویەتى کارى خۆی زانیوە، ئەوە لە کاتێکدا ئەوروپاو ئەمریکاش حەماس بە بزوتنەوەیەکی توندڕەوى ئیسلامی دەزانن و پێشیان وایە ئێران پشتیوانییان دەکات.
بەڵام بەشێک لەوانەى کە پشتیوانى لە دژایەتى کردنى ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن پێیان وایە کارێکی دەستوری دەکەن و دەبێت سیاسەتى دەرەوەى کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەماى (پێوەرەکانى ئیسلام و پابەندی بە ئەرک و مافى برا موسڵمانەکان و پشتیوانى کردن بێت لە چەوساوەکانى جیهان) کە بە ئاشکرا لە قورئاندا ئاماژەى بۆکراوە.
ئەوە لە کاتێکدا کە ڕەخنەگرانی ئەم بابەتە پێیان وایە ئەم کارە تەنها دروشم بازی و فێڵکردنە لە خەڵک ئەگینا (بونیادى موستەزعەفان)ى ئێران کە بڕیارە پشتیوانى لە هەژاران بکات بۆچى دەستى گرتوە بەسەر بەشێکی زۆر لە داهاتى وڵاتەکەدا و لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانێت پشتیوانى لە هەژاران بکات؟ ئەو هەموو جیاکاریی و گەندەڵییە چییە کە لە ئێراندا دەگوزەرێت بەناوى ئەو ڕێکخراوە دەوڵەتییەوە؟
یاخود "بەسیجی موستەزعەفان" کە بڕیارە بە کردەیی و فیعلی پشتیوانى لە هەژاران بکات بۆچى لەخۆپیشاندان و لەکاتى ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانى حکومەت دەبێتە هێزی پشتیوانى لە حکومەت و لەدژى خەڵکی فەقیرو هەژار دەخرێتە کار و ئامانجی خۆی لەبیردەچێتەوە!
هەربۆیە بەشێک لە رەخنەگران پێیان وایە ئەوەى کە لەدەستوری هەمیشەیی ئێرانداهاتووە سەبارەت بە خەڵکی هەژارو چەوساوەو ستەملێکراو، هیچ نییە جگە لە بەدەستەوەگرتنى هێز و کۆکردنەوەى سامانێکی زیاتر لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەوەى هەیە تەنها دروشم بازییە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دروشمە بۆ "خەڵکی فەلەستین و ئیگۆرەکانى چین" نەک نەبوەتە پشتیوانی بەڵکو زیانى گەورەشی لێداون.
هەرچەندە لە ماوەکانى ڕابوردودا ئێران پشتیوانى لە گروپە چەکدارەکانى فەلەستین کردوەو هاوکاریی مادى و مەعنەوی زۆری کردوون، بەڵام رەخنەگرانى ئەو بابەت پێیان وایە بردنە دەرەوەى شۆڕشی ئیسلامی ئێران و بردنە دەرەوەى جەنگ بووە بۆ دەرەوەى سنورەکانى ئێران و پشتیوانى کردن بووە لە نەیارەکانى رۆژئاوا، کە دواجار خزمەتى سیاسەتى دەرەوەى خۆی پێکردووە.
لە ڕاگەیەنراوێکی بەشێک لە رۆشنبیران و چالاکوانانى سیاسی ئێرانیشدا کە زیاتر لە 80 واژۆی لەسەرە، لەبارەى هێرشەکانى ئەم دواییەى حەماس بۆ سەر ئیسرائیل نوسیویانە : "حەماس خەباتى ڕەوای خەڵکی فەلەستینی گۆڕی بە ڕێگەیەکی هەڵەت و سەخت لەبەرامبەر تیرۆی کوێرانەدا" .
لە خۆپیشاندانەکانى ئەم دواییانەى ئێرانیشدا دروشمێک زۆر زەق دەکرایەوە کە دەیانگوت: "نە غەززەو نە لوبنان گیانم بە فیداى ئێران" نیشاندەری ئەو ڕاستییە بوون کە لەسەر ئاستى جەماوەری خەڵک لەگەڵ سیاسەتەکانى حکومەت و توێژى دەستەباڵای سیاسیدا نین و نایانەوێت بودجەى وڵاتەکەیان لە دەرەوەى سنورەکان سەرف بکرێت.
هەر بۆیە دەکرێت بگوترێت بێدەنگی خەڵکی ئێران لەم قۆناغەدا پەیوەندییەکی دوو لایەنەیە، لە لایەکەوە خەڵک نایەوێت ئێران بچێتە جەنگێکەوە کە هی خۆی نییە و لە لایەکی تریشەوە نایانەوێت بکەونە ژێر هەژمونى دروشمگەرایی دەسەڵاتدارانى وڵاتەکەیان، ئەوان هۆشیارانە دەیانەوێت وڵاتەکەیان لە جەنگێکەوە تێوە نەگلێنن کە دەربازبوون لێی ئاسان نەبێت، چوون پێیان وایە پشتیوانى ئیسلامگەرایانە لە کێشەى فەلەستین لەئێستادا یاریکردنە بە ئاگرێک کە جگە لە خەڵکی ئێران هیچ کەسێکی ترناسوتێنێت...