دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 06/11/2023

عێراق لەنێوان دروشمبازیی ئێرانیەکان و تێوەگلان لە جەنگی غەززەدا

هەرێم نیوز 

سەرەڕای هەڕەشەکانى ئەبو عەلی عەسکەرى بەرپرسی ئەمنى گروپى حیزبوڵاى عێراق و خۆپیشاندانى هەزاران کەس لە لایەنگرانى موقتەدا سەدر لە بەغداد، بۆ ناڕەزایەتى دەربڕین لە هاتنى ئەنتوانى بلینکنى وەزیری دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا بۆ عێراق، بەڵام دواجار بە بێ گوێدانە هەڕەشەو  خۆپیشاندان، وەزیری دەرەوە گەشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى کۆبویەوە و پێکەوە ڕاوبۆچونی خۆیان لە چەند تەوەرێکدا تاووتوێ کرد.

پاش هەڵگیرسانى جەنگی ئەم دواییەى نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7 تشرینى یەکەمى 2023 ئەنتوانى بلینکن وەزیری دەرەوەى ئەمریکا سەردانى چەند وڵاتێکی ناوچەکەى کردوە و بەردەوامیش دەبێـت لەسەردانەکانى تا ئەوکاتەى ئەجێنداى تایبەت بە وڵاتەکەى دێنێتە دی، یان بە پێچەوانەوە هۆشدارییەکانى وڵاتەکەى دەگەیەنێتە ئەو وڵاتانەى سەردانیان دەکات، لەپێناوى ئەوەدا کۆتایی جەنگەکە بەو شێوەیە بشکێتەوە کە دڵخوازی ئەوان بێت.

هەرلەسەرەتاى جەنگی ئەم دواییەى نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە تا ئێستا هێز و بنکە ئەمریکیەکان لە عێراق و سوریا دەکرێنە ئامانج و سەرەڕای هەڕەشەکانى ئەمریکاش هێشتا بەردەوامییان هەیە، وەک "بلینکن"یش بە "سودانى" گوتووە: میلشیا شیعیەکانى عێراق بە فەرمانى ئێران هێرشەکان ئەنجام دەدەن و ئەوەش مەترسی ئەوەى لێدەکرێت کە ئاگری جەنگەکە فراوانتر ببێت و عێراق و ئێرانیش تێوە بگلێن و دواتریش لە زیانى هەموو لایەک تەواو ببێت، هەربۆیە وەزیری دەرەوەى ئەمریکا بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە ئەم هێرشانە قابیلى قبوڵکردن نین و وەڵامی توندیان بۆیان دەبێت، ئەوە لە کاتێکدا کە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە هێلەکی گولەنەبڕەوە لە بەشێک لەوێنەکانى نێو باڵیۆزخانەى وڵاتەکەیدا لەبەغداد دەردەکەوێت.

دواى ئەوەى لە پێگەیەکى تەلەگرامەوە گروپێکی چەکدار بەناوى "بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" بەرپرسیارێتى خۆیان لە زۆربەى هێرشەکانى سەر ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندووە ، شارەزایانی تەکنۆلۆژیاى ئەمریکی ڕایانگەیاندوە کە ئەو پێگەیە لەعێراق دایەو نزیکە لە دەسەڵاتدارانى ئێرانەوە. بەپێى ئامارەکانى پەنتاگۆنیش لە ماوەى 20 رۆژدا( لەنێوان 17/10 تا 3/11 ى ئەمساڵ) لە عێراق 17 هێرش و لە سوریاش 12 هێرش کراوەتە سەریان، سودانیش لەوەڵامی بلینکین دا گوتویەتى لیژنەمان پێکهێناوەو لە لێکۆڵینەوەداین و بەهیچ شێوەیەک ئەو هێرشانە قبوڵ ناکەین، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیش دا وەزیری دەرەوەى ئەمریکا کۆبونەوەکەى بە بەرهەمدار وەسفکردووە.

هەرچەندە سەردانەکانى بلینکن لە ناوچەکەدا خێراو کتوپڕو کورتماوەیە، بەڵام پەیام و ئەجێنداکانى لە ئاستى گۆڕانکارییە خێراکانى ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەدایە کە بەرۆکی رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتوەتەوەو ڕەهەندێکی ناوچەیی و جیهانیشی هەڵگرتووە.

بەپێى ڕاگەیەنراوى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق، کۆبونەوەى بلینکن و سودانى یەک کاتژمێری خایاندوە و تیایدا چەند تەوەرێکی گرنگیان باس کردووە، لەوانەش بەشداریی نەکردنى لایەنى سێیەم لە جەنگی ئیسرائیل و حەماس دا، دیدگاى وەزیری دەرەوەى ئەمریکاش بۆ بەشداریی کردنى لایەنى سێیەم، هێرشى میلشیا شیعیەکانى سەر بەئێرانە لە عێراق و سوریا بۆ سەر دامەزراوە ئەمریکیەکان.
وەک  میدیا رۆژئاواییەکان ئاماژەیان پێکردووە لەم سەرەدانەدا وەزیری دەرەوەى ئەمریکا چوار پەیامی گرنگی داوەتە بەغداد: یەكەم؛ دەبێت حكوومەتی عێراق بە ئەركی خۆی هەستێت کە رێگریكردنە لە گروپە میلیشیاكان بۆ ھێرشكردنە سەر بنكە سەبازییەكانی ئەمریكا، کە لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە دەکرێن بەتەواوەتی قبووڵنەکراون.

دووەم؛ ئەمریكا بێ دەنگ نابێت بەرامبەر بەئامانج كردنی بەرژەوەندییەكانی و کاردانەوەى توندی دەبێت. سێیەم؛ دەبێت حكوومەتی عێراق ڕێگە لە گروپە میلیشیاكان بگرێت لەوەی بە  موشەك و درۆن لەرێگەی عێراقەوە ھێرش بكەنە سەر ئیسرائیل. چوارەم؛ ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدایە بازنەی شەڕەكەی غەززە فراوان نەبێت، بەڵام ئەگەر ئێران یان ھاوپەیمانەكانی بەرەیەكی تری شەر بكەنەوە راستەوخۆی لە ئێران دەدەن. هەرچەندە عێراق لە بنەڕەتدا دان بە بونى ئیسرائیل دا نانێت و تا ئێستاش سورە لەسەر نەیارى و دژایەتیەکانى و بە توندی بەرگری لە چونە نێو ئاشتەوایی ئیبراهیمی دەکات و نایەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئاسایی بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی تر لەو ڕاستییانە ئاشکرا دەبن کە عێراق گۆڕەپانى بەرەنگاریی ئێرانە لە بەرامبەر ئیسرائیل دا، چونکە ئەگەر عێراق بچێتە پرۆسەى ئاشتەوایی لە گەڵ ئیسرائیل ئەوا ئیسرائیل دوو وڵاتى عێراق و سوریا لە نێوان خۆیدا لادەبات و دەبێتە دراوسێی ئێران، کە ئەوکات نائارامییەکان  سەدان جار زیاتر دەبن، هەربۆیە هەرچییەکیان کردووە دەیانەوێت ڕێگریی لەوە بکەن، ئەگەر بە زیانى تەواوى عێراقیەکانیش تەواو بووبێت.

وەک سەرچاوە میدیاییەکان باسی دەکەن داواکاریی و بۆچون و ئەجێنداکانى ئەمریکا پاڵی بە سودانییەوە ناوە بەخێرایی خۆی بگەیەنێتە تاران و ڕاشکاوانە لەگەڵ گەورە بەرپرسانى باڵای ئێراندا تاوو توێی ئەو بابەتانە بکەن. نوسینگەى فەرمی سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاندووە سەردانەکەى سودانى بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و تاووتوێکردنى کێشەى فەلەستینە، شارەزایانیش باس لەوە دەکەن دیدگاى هەردوو وڵات بۆ چارەسەری کێشەى هەنوکەیی فەلەستین وەک یەکە، لەوانەش ڕاگرتنى جەنگ بەخێرایی، هاوکاریی خەڵکی غەززە، ئیدانەکردنى هێرشەکانى سەر هاوڵاتیان، هاندانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ هاوکاریی بەپەلەى غەززە، ناساندنى ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک کە پابەند نابێت بە یاساکانى جەنگەوە و هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج، لەهەمان کاتدا نوسینگەى سەرۆک وەزیران باسی لەوەش کردووە دواى گەڕانەوەى لەتاران سەردانى چەند وڵاتێکی تری کەنداوى عەرەبیش دەکات بە بێ ئەوەى ناو و کاتى سەردانە چاوەڕوانکراوەکانى ئاشکرا کردبێت.

بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاخۆ عێراق لە هەموو ڕووەکانەوە تواناى ئەوەی هەیە خۆی لە جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە بئاڵێنێت؟ یان ئەوەیە ئەویش وەک هەموو وڵاتانى تر بەدڵ لەگەڵ کێشەکەدا دەبن و بە کردەوەش کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نابێت و دواجاریش گەلى فەلەستین بەتەنها دەمێننەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە دروشم بازیی چ کێشەیەکى گەورەى بۆ ناونەتەوە .



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP