هەرێم نیوز
بە گوێرەی پێگەی ئەلجەزیرە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵانە ملیاران دۆلار وەک یارمەتییەکانی بۆ وڵاتە جیاوازەکان لە سەرتاسەری جیهان لەپێناو بەرژەوەندیی ئەمنی و ئابووری و مرۆیی خەرج دەکات، بەڵام لەوەتەی جەنگی ئۆکراینا دەستی پێ کردووە یارمەتییەکانی ئەمریکا ڕێڕەوێکی دیکەی گرتووەتە بەر و ئۆکراینا پشکی شێری بەرکەوتووە لە یارمەتییە جیاوازەکانی ئەمریکا.
بە گوێرەی پەیمانگەی کێڵ بۆ ئابووریی جیهانی کە پەیمانگەیەکی ئەڵمانییە، قەبارەی یارمەتییەکان کە ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشی ئۆکراینای کردووە لە سەرەتای جەنگی ئۆکرایناوە تا کۆتایی تا 31ی تەممووزی 2023، گەیشتە زیاتر لە 76.8 ملیار دۆلار کە بریتین لە یارمەتیی مرۆیی و دارایی و سەربازیی، کە بەمشێوە بوون:
- یارمەتییە مرۆییەکان: 3.9 ملیار دۆلار.
- یارمەتییە ئابوورییەکان: 26.4 ملیار دۆلار.
- یارمەتییە ئەمنییەکان: 18.3 ملیار دۆلار.
- چەک و کەرەستەی سەربازیی: 23.5 ملیار دۆلار.
- پێدانی قەرز بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازیی: 4.7 ملیار دۆلار.