دواین هەواڵ

کوردستان‌

 18/09/2023

فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی عێراق لە بارەی دواخستنی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە رونکردنەوە دەدەن

هەرێم نیوز

فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند، بڕیاربو ئەمڕۆ دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، هیچ رێگڕێکی دەستوری یان یاسایی لە بەردەم ئەو پڕۆژە یاسایە نەبو، بەڵام بە پاساوی چەند فراکسیۆنێکی دیکەی پەرلەمان، پرۆسەی دەنگدان بەو پڕۆژە یاسایە دواخرا.

ئەمڕۆ دوو شەممە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند: ئێمە لە رۆژانی رابردوودا وەکو فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقمان کردووە و پێمان گوتون پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە پاڵ هیچ قەزا و ناحییەکی دیکە، بە تایبەت ئەو قەزایانەی داوایانکردووە ببن بە پارێزگا، کاتێک رێکارەکانی ئیداری و یاساییان تەواو بوو ئێمە ئامادەین دەنگیان بۆ بدەین.

هەرێم کەمال ئاغا، ئاشکراشیکرد، ئەو بیانووەی ئەمڕۆ و رۆژانی رابردوو لەسەر بەپاریزگابوونی هەڵەبجە گرتییان، کارێکی چاوەڕواننەکراو بوو، هاوکات داوامانکرد ئەوڕۆ بچووکترین قەرەبووی هەڵەبجە بکرێتەوە ئەویش بەپارێزگا بوونیەتی، بەهۆی ئەوەی کیمیابرانکرا و خەڵکێکی زۆری لێ شەهید کرا.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ رێگرییەکی دەستووری و یاسایی نییە ببنە بەربەست لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.

هەرێم کەمال ئاغا، ئەوەشی راگەیاند:  نەدەبوو کوتلە سیاسییەکانی عێراق ئەو دانیشتنەیان دواخستبا، دەبوو ئەوەیان لەبەرچاو بوایە کە خەڵکی هەڵەبجە بوونە قوربانی لەپێناو ئازادی عێراقدا، هەروەها بچووکترین ماف بە هەڵەبجەی بدەین ئەوەیش بەپارێزگا بوونییەتی.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ئەگەر لە دەرفەتێکی دیکە رێگری بکرێت لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە ئێمە وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP