دواین هەواڵ

تەندروستی‌

 26/08/2023

سەرئێشە بەهۆی کێشەی ملەوە یاخود (cervicogenic headache )چییە ؟

د. هه‌ڤین که‌مال شاه محەمەد - پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج - ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن

بریتییە لەو سەرئێشەیەی کەدروست دەبێت لەئەنجامی کێشەیەک لە ملدا، واتە کێشەسەرەکیەکەلەسەر و مێشکدا نییە ، بەڵکو ئازارێکی دووەمیە کەلەملدایە و دەڕوات بۆ سەر و ئازاری ( referred pain) ی پێدەوترێت .

نیشانەکانی :

یەکێک لەهەرە گرنگترین نیشانەکانی ئەوەیە، ئەم سەرئێشەیە لەگەڵ هەر جووڵانێکی لەپڕی ملدا سەر ئێشەکە زیاد دەکات . وەهەروەها ئەگەر مل بۆ ماوەیەکی زۆر لەیەک شێواز و جووڵەدا بمێنێتەوە، ئازارەکە دروست دەبێت .

نیشانەکانی تری :

-ئازار لەیەک لای سەردا یاخود دەمووچاو.
-ئازارێکی بەردەوام کە لێنادات وەکو دڵ (هەندێک سەر ئێشە نەخۆشەکە کەوەسفی دەکات دەڵێت لێدەدات وەکو دڵ).
-ئازارێک دێت کەلەوانەیە چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک بخایەنێت .
-گرژبوون و ڕەقبوونی ملی لەگەڵدایە کە نەخۆشەکە ناتوانێت ملی بەباشی بجوڵێنێت .
-ئازارەکە زۆر جار لەیەک خاڵدا دەمێنێتەوە، لەوانەیە لەپشتی سەردا بێت، یاخود پێشی سەر ، یاخود لایەکی سەر یان چاو .

هەرچەندە ئەم جۆرە سەرئێشەیە زۆر جیاوازە لەگەڵ شەقیقە بەڵام هەندێک جار هەندێک نیشانەیان لەیەک دەچن بۆ نموونە :

هەستکردن بەپڕی گەدەو دڵتێکەڵهاتن ، بوونی ئازار لە شان و قۆڵدا، بێزاربوون بە ڕووناکی زۆر و دەنگی زۆر، لێڵبوونی بینین .
هەندێک کەس هەردوو جۆرە سەر ئێشەکە دەگرن لەیەک کاتدا . کەئەمەش دەستنیشانکردنی کێشەکە قورستر دەکات.

هۆکارەکانی :

- بوونی کێشە لە ئێسکی مل ، جومگەکان ، ماسولکەکانی ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی هەندێک پیشەیان هەیە وەک : دارتاش ، ئاسنگەر ، ئەوانەی کاری ئارایشتگا دەکەن، سەرتاش، بەرگدروو ...هتد. ئەمانە بەهۆی بەکارهێنانی ملیانەوە زیاتر تووشی ئەم جۆرە سەرئێشەیە دەبن .
- زۆر جار لەو کەسانەیە ڕوودەدات کەملیان بۆ پێشەوە دەبەن بە بەردەوامی و دووری ئەخەنەوە لە جەستەیان کە ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر مل و بەشی سەرەوەی پشت، بۆ نموونە ئەوانەی سەیری یاری تۆپی پێ دەکەن یاخود هەر شتێکی تر بێت .
-هەندێک جار بەهۆی ڕووداوێکەوەیاخود کەوتنەوە یاخود وەرزشەوە، ماسولکەکان و دەمارەکانی مل زەبری بەردەکەوێت کە پێی دەوترێت ویپلاش .
- بەهۆی ئینزلاقی دیسکی بڕبڕەکانی ملەوە ، بەتایبەتی بڕبڕەی دوو و سێ و چوار . هەروەها داخوران و سەوەفانی جومگەکانی مل .
- هەندێک جار بەهۆی شکاوی یاخود شێرپەنجەی ئێسکی ملەوە توشدەبێت کەئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە.

دەستنیشانکردنی :

لەبەرئەوەی جۆرەکانی سەرئێشە زۆرن و زۆریش لەیەکدەچن ، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی تەواوت بۆ بکات و لەگەڵیدا مێژووی نەخۆشیەکەت بەتەواوی لێبرسێت ، و لەبیرت نەچێت کە ئەم خاڵانەی پێبڵێت :

- ئایا ئازارەکەت ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت ؟
- ئایا تا یاخود سووربونەوەو خورانت بۆ دروست دەبێت ؟
-ئایا تووشی پێکان بوویت یاخود خۆت عەزێت داوە ؟؟
-ئایا بەخواردن سەرئێشەکەت زیاد دەکات ؟؟
- ئایا بورانەوەو گێژی لەگەڵدایە؟

پزیشکەکەت لەوانەیە پێویستی بە ئەشیعەی ڕەش و سپی (تیشکی ئێکس ڕەی) بێت، یاخود ئەشیعەی تەنووری ، هەندێک جار هەندێک جۆری پشکنینی خوێن . ئەگەر ئەوانە هیچی تیا دەرنەکەوت پزیشکی پسپۆڕی ئازار ڕێگایەک بەکاردێنێت پێدەوترێت (nerve blocks ) کە دەمارە هەستەوەری مل بۆ ئازار سڕ دەکرێت بە دانانی هەندێک دەرمانی سڕکەر لەدەوری دەمار و جومگەکانی ملدا لەژێر ئامێری تیشکی(C ARM) دا . ئەگەر بەوە ئازارەکە نەما ، ئەوە مانای ئەوەیە سەرئێشەکە بەهۆی فشاری سەر دەماری ملە .

چارەسەرکردن :

-بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دژەهەوکردنەکان، ماسولکەخاوکەرەوەکان، هەندێک ئازارشکێنی تر وەک دەرمانی گەشکەو هێورکەرەوەکان بۆ نەهێشتنی ئازارەکە .
- سڕکردنی دەمارەکانی مل (nerve block) کەئەمەش بۆ ماوەیەک ئازارەکە ناهێڵێت و یارمەتی نەخۆشەکە دەدات کەوەرزشەکانی بێ ئازار بکات .
- چارەسەری فیزییاوی و چارەسەری سروشتی ، کەئەویش پزیشکی پسپۆڕ ڕێنمایی نەخۆشەکە دەکات و فێری دەکات چۆن وەرزش بکات و سترێچینگ و ڕاکێشان بە ماسولکەکانی ملی بکات .
- بەکارهێنانی تەزووی کارەبای لەڕێگای ئامێری (TENS) و هەروەها ئامێری شۆک وەیڤ(shock wave) بۆ کردنەوەی خاڵی ئازارەکان و بەکارهێنانی دەرزی ئاژنین (acupuncture )بۆ خاوکردنەوەی ماسولکەکان .
- هەندێک چارەسەری تەواوکەر وەک هایدرۆتێراپی (وەرزشکردن لە ئاودا)، یۆگا، میدیتەیشن و تێڕامان.
-ئامێری "ڕادێۆفریکوینسی " : کەئەمەش ئامێرێکی تایبەتە زیاتر لەو حاڵەتانەدا بەکاردێت، کە ئازارەکە بەهۆی سەوەفان و داخورانی جومگەکانی ملەوەدروستدەبێت.
- نەشتەرگەری: ئەویش لەهەندێک حاڵەتی وەک ئینزلاقێکی زۆری دیسکی نێوان بڕبڕەکانی ملدا ، یاخود هەندێک حاڵەتی وەکو شکان و شێر پەنجە .

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP