دواین هەواڵ

هەمەرەنگ‌

 06/08/2023

دوای ئەوەی ستریمەرێک بەڵێنی بە هەوادارەکانی دا، شەقامەکانی نیویۆرک پڕبون لە ئاژاوە

هەرێم نیوز

کای سینات، ستریمەری یوتیوب و تویچ، بۆ ماوەیەک لە شەقامەکاندا جەنجاڵی دروست دەکرد.

ئەم ستریمەرە بەناوبانگە بە هەوادارەکانی ڕاگەیاند کە بەنیازە پلەیستەیشن ٥ بە خۆڕایی دابین بکات بۆ هەوادارەکانی و وتی بۆ ئەوەی ئەم دیارییە بەدەست بهێنیت، وەرە بۆ یونیون سکوێری و ئامادەبە بۆ وەرگرتنی دیاری ئێمە. بەمەش چەند هەزار کەس ڕوویان لە شوێنی دیاریکراو کرد.

ئەم ستریمەرە پشێوی لە شەقامەکاندا دروستکرد و گەیشتە ئەو ئاستەی کە ٦٥ کەس دەستگیرکران و بەشێک لە ئامادەبووان برینداربوون.

سینات بە تۆمەتی کۆبوونەوەی نایاسایی و ئاژاوەگێڕی تۆمەتبار کراوە. ئەم ستریمەرە بڕیار بوو لە کاتژمێر ١٦:٠٠ دەست بە دابەشکردنی دیارییەکان بکات، بەڵام کاتێک گەیشتە کاتی دیاریکراو، بارو دۆخەکا تێکچوو.

دەوترێت بەشێک لە ئامادەبووان چوونەتە باڵەخانەیەکی تەنیشت قەرەباڵغییەکە و بە کەرەستەی بیناسازی لەگەڵ خەڵکدا تێکهەڵچوون و کەرەستەکانیان فڕێداوەتە سەر خەڵک.

دواتر پۆلیس فەرمانی بە خەڵکەکە کردووە کە شوێنەکە بەجێبهێڵن، بەڵام خەڵکەکە لەبری ئەوەی شوێن پۆلیس بکەون، هێرشیان کردووەتە سەریان و زبڵیان بۆ ئەفسەرەکان فڕێداوە و ناکۆکییان دروستکردووە. یەکێک لە ئامادەبووان ڕایگەیاند کە دۆخەکە ئارامەبوو تا لەناکاو هەندێک کەس دەستیان دایە ئاژاوەگێڕی و دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر ئەوانی تر.

سەرۆکی پۆلیس سەبارەت بەم ڕووداوە ڕایگەیاند کە پۆلیسی مانهاتن لەم ململانێیەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ئاگاداری و سەدان ئەفسەری پۆلیس ڕەوانەی ناوچەکە کران.

ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ناوچەکە وەستابوون زیانێکی زۆریان پێگەیشت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP