هەرێم نیوز
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بکەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتیەکی گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانیان دەستگیرکرد كە نزیكەی دو مانگ لەمەوبەر بەكوژراوی لەناو ماڵەكەی خۆیدا بەكوژراوی دۆزرایەوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هێزەکانی ئاسایش دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و بەدەستهێنانی زانیاری ورد، بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، ئەنجامدەرانی تاوانی کوشتنی هاوڵاتی سەمەد عارف محەمەدی تەمەن 41 ساڵیان دەستگیرکرد، کە لەشەوی 6ی (حوزەیران/6)ی 2023 لەماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی گردەبڕاوەکە بە چوار فیشەک کوژرا.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دوای لێکۆڵینەوەی هێزەکانی ئاسایش، دەرکەوت خێزانی سەمەد عارف بەرنامە داڕێژەری ئەم تاوانە بوە و بە هاوکاری دو کەس ئەم تاوانەیان ئەنجامداوە".
باسی لەوەشکردوە، هۆکاری روداوەکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە و لەئێستاشدا تۆمەتباران بە ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عێراقی بەفەرمانی دادوەر ڕاگیراون.