یواف گالانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە رۆژانى
رابوردودا سەردانێکی دوو رۆژەى بۆ باکۆ کردو لەگەڵ ئیلهام عەلیێف سەرۆک کۆمارى
ئازەرباییجان کۆبویەوە، بە پێى ڕاگەیەنراوی وەزارەتى بەرگریی ئیسرائیل،
کێشەهاوبەشەکان و هاوکاری یەکتری کردن لەو بوارەدا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە،
گالانت لەگەڵ زاکیر حەسەنیێف وەزیری بەرگری و ئاڵچین گلیێف فەرماندەی پاسەوانى
سنوریشدا دیدار و گفتوگۆی ئەنجام داوە.
بە پێی ڕاگەیەنراوێک لە نوسینگەى گالانتى
وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئەم سەردانە بەمەبەستى بەهێزکردنى
پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان ئەنجام دراوە بەتایبەتى لە بوارەکانى
دیبلۆماسیەت و تەکنۆلۆژیادا، لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتوە کە ئامانج لە سەردانەکەى
گالانت پەرەپێدانى بوارى سەربازیی، پیشەیازیی دوولایەنەیە.
پەیوەندییەکانى نێوان
ئازەربایجان و ئیسرائیل بە فراونکردن و گەورەکردنی باڵێۆزخانەکانیان لە پایتەختەکانیان
دەستى پێکردوە، پێش لە سەردانەکەى گالانت بۆ باکۆ، جەیحون بایرامیێف وەزیری
دەرەوەى ئازەرباییجان لە مانگی ئازاری ڕابوردوو بەمەبەستى کردنەوەى باڵیۆزخانە
نوێیەکەى وڵاتەکەى سەرردانى (تەلئەبیب)ى کردوە و ئیسحاق هەرتزوگى
سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلیش لە مانگی ئایاردا سەردانى باکۆی کردوەتەوە، هەروەها بنى
گانتس، وەزیری پێشووى جەنگی ئیسرائیل لە مانگی ئۆکۆتۆبەرى پێشوو سەردانى باکۆی
کردووە.
ئیسرائیل گەورەترین هەناردەکاری چەک وچۆڵی
جەنگییە بۆ ئازەرباییجان، نزیکەى 70%ى چەک و چۆڵی ئەو وڵاتە لە لایەن ئیسرائیلەوە
دابین دەکرێت، هەروەها ئیسرائیلیش 30% ى پێدوایستى نەوتى و سوتەمەنى خۆی لە
ئازەرباییجانەوە دابین دەکات، سەردانە دوو رۆژییەکەى گالانت بە 48 کاتژمێر
ئیسرائیل ڕایگەیاند لە تەلئەبیب کەسێکی بەڕەگەز ئەفغانییان دەستگیرکردوە کە
بەرنامەڕێژیی کردوە بۆ ئەوەى هێرش بکاتە سەر باڵیۆزخانەى ئیسرائیل لە باکۆ.
ئیلی کۆهین وەزیری دەرەوەى ئیسرائیلیش ئێرانى
بە پلانداڕێژەری هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئیسرائیل تاوانبارکرد، و لە
ڕاگەیەنراوێکدا کۆهین گوتى تاران لەپشتى ئەم هێرشەوە بووە، لە بەیاننامەیەکی
ئەدەبی دا دژ بە ئێران ڕایگەیاندوە: چالاکی و جموجوڵەکانى ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر
هەمو جیهان و نمونەى بەو هێرشە هێنایەوە، هەروەها هێرشکردنە سەر جولەکەکان لە
یۆنان و قوبروس لە مانگی ڕابوردودا خۆی بینیوەتەوە.
ئەم لێدوانانەى ئیسرائیل لەکاتێکدایە کە
سەردانى حوسەین ئەمیر عەبوڵاهیان وەزیری دەرەوەى ئێران و سەردان و کۆبونەوەى لەگەڵ
ئیلهام عەلیێف و جەختکردنەوەى هەردوو دەوڵەت بوە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندییە دوو
لایەنەکانیان، لەگەڵ ئەمەشدا پێش لە سەردانە دوو رۆژییەکەى گالانت ڕایگەیاندووە کە
ئازەرباییجانیان لە مەترسیەکانى ئێران لەو بارەیەوە ئاگادار کردوەتەوە، وەزیری
بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاندوە: ئیسرائیل توانیویەتى زیاتر لە 50 کارى کوشتنى
هاوڵاتیان و تەقینەوەى ئەو ڕژێمەو هاودەستەکانى لە ساڵانى ڕابوردودا لە سەرانسەری
جیهاندا پوچەڵ بکاتەوە، گالانت لە دیدارەکانى باکۆدا ڕایگەیاندوە کە زۆرینەیان لە
چرکەساتەکانى کۆتاییدت پوچەڵ کراونەتەوە.
وەزیری بەرگریی ڕایگەیاندووە: لەم ساڵانەى
کۆتاییدا کۆمەڵێک ڕێککاری جیهانى لە دژى هاوڵاتییانى ئییسرائیلى و جولەکانى جیهان
دەست پێکردوە کە پێشتر وێنەى نەبووە، وەک ئەو دەڵێت: بەهۆی سیستمە پێشکەوتوەکانى
بەرگریی خۆمان و هاوکاریی نزیکەکان و زۆرێک لەوڵاتان ئەو هەڕەشانەمان
پوچەڵکردوەتەوە و کەسەکانمان ڕزگارکردووە.
ئەمانە لە حاڵێکدا ڕوودەدەن، کە سیاسەتى دەرەکی
ئێران، بەرکەوتنى لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و ئاژانسی وزەى ئەتۆم و تەنانەت هەموو
رۆژئاواش بەرەوپێشەوە چووە، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکۆ زۆر بەرەو پێشەوە
چووە بەتایبەتى لە دەستپێشخەرى ئازەرباییجانەوە سەرچاوەى گرتووە، بەڵام ئیسرائیل
بزوێنەرى دروستکردنى ناکۆکی نێوان ئێران و ئازەرباییجانە.
تۆفیق حوجەتى، شارەزا لە بوارى قەوقازدا بە
پێگەى (شەرقى خەبەرى) گوتووە: هەرکاتێک ئێران و ئازەرباییجان لێک نزیک دەبنەوە و
دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان بەرەو پێشەوە ببەن، ئێران بە هەندێک لێدوان و سەردانى
بەرپرسانى دوبارە پەیوەندییەکان ئاڵۆزدەکاتەوە، ئەو شرۆڤەکارەى ئۆراسیا گوتوشیەتى:
پێش لە سەردانەکەى وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بۆ باکۆ حوسەین ئەڵاهییان چوە باکۆ،
ئەجێنداى سەردانەکەى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بوە وخوازیاریی
پەرەپێدانى زیاتر بووە لە نێوان تاران و باکۆداو هەڵەتێگەشتنەکانى هەردوولا ڕاست
بکەنەوە.
ئەو ڕاگەیەنراوەى وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل
گوایە ئێران لە پشتى هێرش بۆ سەر باڵیۆزخانەى ئیسرائیل لە باکۆ وەیە، هیچ نییە جگە
لە تێکدانى پەیوەندییەکانى نێوان تاران وباکۆ و هیچ ڕاستییەکی تێدا بەدی ناکرێت.
سەردانەکانى ئەم دواییانەى حسێن عەبدوڵاهییان
لە میانى وەزیرانى وڵاتانى بێلایەن بوەو لەو سەردانانەدا چاوی بە ئیلهام عەلیێف
کەوتوە و گفتوگۆیان پێکەوە کردوە، پەیوەندییەکانى نێوان تاران و باکۆیان تاوتوێ
کردوە، باسیان لە کێشەو گرفتەکانى ناوچەکەو ڕێگەچارەکانیان کردوە.
لەو دیدارو دانیشتانەدا هەریەک لە جەیحون
بایرامۆف، وەزیری دەرەوەى ئازەرباییجان، رەزا نەجەفی بریکارى کاروبارى نێودەوڵەتى
وەزارەتی دەرەوەى ئێران، ڕاسپێردراوى وەزیر و بەڕیوەبەرى گشتى کاروباری ئۆراسیا لە
وەزارەتى دەرەوە، سەید عەباس موسەوی باڵیۆزی ئێران لە باکۆ، محەمەد سادق فەزڵی
ڕاوێژکاری وەزیر، عەبدوڵا نیکونام قەدیری جێگری وتەبێژى حکومەت و بەرێوەبەرى
ڕاگەیاندنى وەزارەتى دەرەوە ئامادەگییان هەبووە لە دانیشتنەکاندا.
عەبدوڵاهییان لە توێتێکدا نوسیویەتى: دیدارێکی
بونیادنەر، ورد و سودبەخشم لەگەڵ سەرۆکی ئازەرباییجان بەڕێز ئیلهام عەلیێف دا
ئەنجام دا. لە درێژەى توێتەکەیدا نوسیویەتى: چاوەڕێ دەکرێت ئەم دیدارو گفتوگۆ
ڕاستگۆیانە هەردوو وڵات بباتە قۆناغێکی نوێوە پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات بەرەو
پێشەوە ببات، برایەتى و هاوڕێیەتى و دراوسێیەتى کۆمارى ئیسلامی ئێران لەگەڵ
ئازەرباییجان زیاتر فراوان دەکەین و دوژمنانیش ناکام و نائومێد دەکەین.
وەزیری دەرەوەى ئێران لە کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانیدا لەبارەى دیدارەکانى لەگەڵ عەلیێف دا گوتویەتى: ئاسایشی ئازەرباییجان
و ناوچەکە بە ئاسایشی ئێران دەزانین، بەتایبەتى ئەو ڕوداوەى کە بەسەر باڵیۆزخانەى
ئازەرباییجاندا هات لە تاران، ئێمە جگە لەسەرسوڕمان و نیگەرانی خۆمان دەربڕیوە،
ئەم بابەتەم لەگەڵ سەرۆک کۆماردا کردوە ، بە هەمان شێوە ئەم بابەتەم لەگەڵ
ئەنجومەنى دادوەریی تاوتوێ کردوەو پێیان ڕاگەیاندووم کە ئەو دۆسیەیە بەرەو کۆتایی
دەڕوات و هەموو شتێک بۆڕای گشتى ئاشکرا دەکەین.
سەرۆک کۆماری ئازەرباییجان لە دانیشتنى لەگەڵ
عەبدوڵاهییان دا گوتویەتى هەرگیز ڕێگەنادەین خاکی وڵاتەکەمان ببێتە شوێنى هەڕەشە
بۆ ناوچەکە بە گشتى و ئێران بەتایبەتى، دواى دیدارەکە هەموو ئەو سنور و مەرزە
داخراوانەى لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەبوون کرانەوە و ئازەرباییجان پابەندە بە هەموو
ئەو پەیمانانەى کە بەئێرانى داوە .
رەزا یاوەری شارەزایەکی تری ناوچەى قەوقازە،
ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل کار بۆ ئەوە دەکات بە توندوتۆڵکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ
ئازەرباییجان لە بوارى سیاسی، دبلۆماسی، سەربازیی، ئاسایش، بەرگریی، ئابوری و
بازرگانی، هەروەها بە جەخت کردنەوە لە بوارى رۆشنبیریی، بەشێوەیەکی کرداریی
ئازەرباییجان وەک لوبنان لێبکات و بیکاتە کارتێکی فشار بەسەر ئێرانەوە.
یاوەری لە شرۆڤەیەکدا پەیوەندییەکانى نێوان
باکۆ و تەلئەبیب بە کێوێکی لەبەفر دەچوێنێت لەناو دەریادا کە بەشێکی زۆر کەمی
بەدەرەوەیە و بەشی زۆرینەى شاراوەو نادیارە.
لەم بارەیەوە ئەو شارەزایە باس لەوە دەکات کە
فرۆشتنى چەک و چۆڵی سەربازیی ئیسرائیل بە ئازەرباییجان بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر
هەڵکشاوە،بەشێوەیەک لە 10 ساڵی ڕابوردودا 78 تا 80% ى پێداویستییە سەربازییەکانى
ئیسرائیل بۆی دابینکردووە، ئەوە لە کاتێکدا تا مانگی سێبتەمبەرى 2020 و هەڵگیرسانى
جەنگی قەرەباغ ئەو ڕۆڵە روسیەکان دەیانگێڕا.
هەربۆیە ئەو شرۆڤەکارە لەو بڕوایەدایە کە
ئازەرباییجان جێگرەوەیەکی تەواوى بۆ خۆی دیوەتەوە و لە بوارى ئاسایش و سەربازییدا
جێگەى روسیاى بۆ گرتوەتەوە.
رەزا یاوەری لەبەشێکی گرنگتری شرۆڤەکەیدا باس
لەوەش دەکات سەیر لەوەدایە هەموو ئەو چەک و چۆڵ و فرۆکانەى کە ئیسرائیل بە
ئازەرباییجانیان فرۆشتووە لە جەنگی دژ بە ئەرمەنستاندا بەکەڵکی نەهاتووە، کە بە
گەورەترین دوژمنى ئازەرباییجان دێتە ئەژمار.
شارەزاکەى بوارى قەوقاز باس لەوە دەکات بەشێکی
زۆری ئەو چەکانەى کە ئیسرائیل بە
ئازەرباییجانى فرۆشتووە لە بواری ئاویدایە و ئەویش لەگەڵ ئەرمەنستان هیچ سنورێکی
ئاوییان نییە، هەربۆیە هیچ سودێکیان لێ نابینێت.
هەربۆیە فرۆشتنى چەکە ئیسرائیلیەکان و ئەو جۆرە
ئامێرانە بە باکۆ، وادەکات کە ئاوەرباییجان ببێتە مەزادخانەیەکی چەک و چۆڵ کە لە
دژى ئێران بەکاری بهێنێت، ئامانجەکە ئێران بێت نەک وڵاتێکی دی هەربۆیە پێی وایە
دوور نییە ئازەرباییجان ببێتە لوبنانێکی تر بۆ کەنارەکانى رۆژئاوا.
سەرچاوە
تۆری شەرق