دواین هەواڵ

کوردستان‌

 30/05/2023

سەرۆکى حکومەت و وەزیرى کشتوکاڵ کارگەیەکی شیرەمەنییان لە مێرگەسۆر کردەوە

هەرێم نیوز

 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیرى کشتوکاڵ، کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان لە گوندی ژاژۆکی سەر بە قەزای مێرگەسۆر کردەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  لە قەزای مێرگەسۆر کارگەیەکی شیرەمەنییان کردەوە.

لە ڕێوڕەسمێکدا سەرءۆکى حکومەت وتارێکى پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، گرنگیدان بە كشتوكاڵ لە بەرنامەی كابینەی حكوومەتدا پێم وایە دیارە و ئێمە گرنگییەكی زۆرمان پێ داوە، چونكە بە باوەڕی ئێمە كشتوكاڵ ئەساس و بناغەیە بۆ بوارەكانی دیكەی پێشخستنی ئابووری وەكوو پیشەسازی و بازرگانی، یان هەر بابەتێكی دیكەی ئابووری، باوەڕ بكەن ئەساس و بناغەكەی پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵییە.

وتیشى: سروشتی ئێمە سروشتێكی زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی ئێمە سوودی لێ ببینین، لێرە پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە پێویستە زۆر گرنگی بە پاراستنی سروشتی خۆمان بدەین، وێڕای ئەو پرۆژانەی كە ئێمە دروستیان دەكەین، بەڵام پاراستنی سروشتەكەشمان زۆر گرنگە، لە هەمان كاتدا گرنگیدان بە پاراستنی ئاسایشی خواردن و ئاویش ئەركێكی سەرەكیی حكوومەت و هاووڵاتیانە.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە ساڵی رابردوودا بەداخەوە لەبەر كەمئاوی، لە زۆر جێگەدا بێئاوی بوو، ئەو ئاوەی هەیە پێویستە ئێمە بە باشترین شێوە سوودی لێ وەربگرین، ئێمە لەگەڵ زۆر پسپۆڕدا گفتوگۆمان كرد كە چۆن دەتوانین باشترین سوود لەو ئاوە وەربگرین تاوەكوو ئاو بەخەسار نەدرێت و ئاوی ژێرزەوی بەفیڕۆ نەدرێت. ئێمە بەردەوام بووین و لە گفتوگۆدا بووین لەگەڵ پسپۆڕانی ناوخۆ و وڵاتانی دۆستی ئێمە زۆریان پێشنیارمان كرد، هاریكار بن، تاوەكوو ئێمە بتوانین بە باشترین شێوە سوود لە سروشتی خۆمان و ئاوی خۆمان وەربگرین. ئەوەی لە هەموان گرنگترە ئەوەیە كە ئێمە بۆ دابینكردنی خواردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پشت بە خۆمان ببەستین و منەتمان بە كەس نەبێت و ناچار نەبین بكەوینە هیچ قەیرانێك ئەگەر خوانەخواستە دۆخەكە بەرەو خراپبوونیش بچێت.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیرى کشتوکاڵ، لە میانى پێشکەشکردنى وتارێکدا ڕایگەیاند، ئەو پرۆژەیەی بە یەکێک لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان لە بواری کشتوکاڵدا لەقەڵەم دا و گوتی: ئەم پرۆژەیە خزمەتێکی گەورە هەم بە ناوچەکە، هەم بە گەنجان و هەم بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو خانەوادانە دەگەیەنێت کە لێرە خەریکی کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین.

وەزیری کشتوکاڵ جەختی لەوەش کردەوە کە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێک لەو بنەما سەرەکییانەی کە کردی بە ئەجێندای ستراتیژی داهاتووی ئەم میللەتە ئەوە بوو کە گرنگی بدات بە سێکتەری کشتوکاڵ و ئەوەش بە کردەوە لە چوارچێوەی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمدا لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە جێبەجێ کرا.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP