دواین هەواڵ

عێراق‌

 30/05/2023

سەرژمێریکردنى دانیشتوانى عێراق دواخرا

هەرێم نیوز

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی بۆ ساڵی داهاتوو دواخست و رایگەیاند، هۆکاری دواخستنی سەرژمێری بەهۆی کەمی کاتەوە بوە".
ماهر حەمەد جوحان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، وەزارەتەکەی ناتوانێت سەرژمێری گشتی لە کاتی دیاریکراودا لە ئەمساڵ ئەنجامبدات.، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە دەگەڕێتەوە.

وتیشی: "وەزارەتی پلاندانان وادەیەکی نوێی دیاریکردوە کە هیوادارە پرۆسەکانی سەرژمێری دەستپێبکات، کە دەکاتە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوی 2024، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆئەو مەبەستە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دانیشتوان، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی پلاندانان، گەیشتوەتە 43 ملیۆن کەس، رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریش چەند مانگێکیان پێویستە.

عێراق دوایین سەرژمێری دانیشتوانی لە ساڵی 1987 ئەنجامدابو، بە بەشداریی سەرجەم پارێزگاکان، دواتر سەرژمێری ساڵی 1997ی ئەنجامدا کە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق تێیدا بەشداربون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP