دواین هەواڵ

عێراق‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو تورکیا بەڕێکەوت

هەرێم نیوز 

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت، دەشڵێت، سودانی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای عێراق و تورکیا بۆ هاوکاریی ستراتیجی دەکات. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 8ـی 5ی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو ئەنقەرە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای عێراق و تورکیا بۆ هاوکاریی ستراتیجی بەڕێکەوت."

ڕۆژی دووشەممە، 5ـی 5ی 2025، باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، شاندێکی فەرمی عێراقی گەیشتنە تورکیا وەک ئامادەکاریی بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی دوو قۆڵی.

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەردانی شاندەکە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بەردەوامەکاندایە بۆ سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، شاندەکە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی بەشی وڵاتانی دراوسێ لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق 'محەممەد ڕەزا حوسێنی و نوێنەری ژمارەیەک وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراقە، ئامانجی شاندەکە تەواوکردنی گفتوگۆ تەکنیکیەکانە لەسەر یاداشتەکانی لێکگەیشتن کە لەگەڵ تورکیا ئیمزا دەکرێت. 

ڕوونیشیکردەوە، یاداشتەکان چەند بوارێکی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە ئەمنی، گواستنەوە، پلاندانان، پەروەردە، پەیوەندییەکان و پیشەسازی.

ماجد لەجماوی باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی لەسەردانەکەیدا بۆ تورکیا گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک دەکەن، لەوانە گەشەپێدان، وزە و بازرگانی.

عەبدولقادر ئورال ئۆغڵو، وەزیری گواستنەوەی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا دەکات، هەروەها ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاش لە نیوەی ئەمساڵدا سەردانی عێراق دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP