دواین هەواڵ

عێراق‌

 26/05/2023

محمد شیاع سودانى چاکسازی و پێداچوونەوە لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا ڕادەگەیەنێت

هەرێم نیوز

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەک پێکدەهێنن کە خۆی سەرپەرشتی دەکات و چاوخشاندنەوە بە کاری دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات.

میدیا ناوخۆیەکانى عێراق بڵاویانکردەوە، محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە كاری دامودەزگا ئەمنییەكان پێکدەهێنێت، پێداچوونەوەو چاکسازی لەسەرجەم دامەزراوە ئەمنییەکاندا دەکات.

لەسەر ئەو پرسە سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، دامەزراوە ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ وە هیچ گۆڕانکاری و چاکسازییەکیان بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەکى گشتگیر بەو دامەزراوانەدا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە بە پێكهێنانی لیژنەیەك کە خۆی سەرپەرشتی دەکات بۆ دووبارە چاوخشاندنەوە بە كاری دامەزراوە ئەمنییەكان و دابەشكردنی ئەركەكانیان و خستنەڕووی پلانی چاكسازی.

لەماوەى دوو مانگی ڕابردوودا محەمەد شیاع سودانى زنجیرەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکاندا ئەنجامداوە، بەڵام بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژی ئەو هەوڵەى سودانى وەستانەوە بەتایبەت دەوڵەتى یاسا کە زۆرینەى دامەزراوە ئەمنییەکان پێشتر لەلایەن نوری مالیکى سەرۆک وەزیرانى پێشووتری عێراقەوە گۆڕانکارییان تێدا کرابوو کەسانى نزیک لەخۆی لە پۆستە باڵاکانى سوپای و هێزە ئەمنیەکاندا دانابوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP