دواین هەواڵ

عێراق‌

 26/05/2023

لە سویسرا هێرشكرایە سەر باڵیۆزخانەی عێراق

هەرێم نیوز

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری بێرن-ی سویسرا دەكات كە بوەتەهۆی دروستكردنی ترس و تیرۆر لای كارمەندانی باڵیۆزخانەكە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ هەینی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "سەركۆنەی هێرشكردنە سەر بینای باڵیۆزخانەی عێراق دەكەین لە شاری بێرن لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە، كە بەشێوەیەكی دوژمنكارانه هێرشەكەیان ئەنجامداوە، كە بوەتە هۆی دروستبونی ترس لای لەنێو كارمەندانی باڵیۆزخانه و هاوڵاتیان كە لەناو بیناكەدا بون بە مەبەستی بەدواداچون بۆ كاروباری كونسوڵگەری خۆیان".

ئاماژەی بەوەشكردوە، ئەو كردەوەیە و هەمو جۆرەكانی توندوتیژی كاریگەری لەسەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان هەیە، "داوا لە حكومەتی سویسرای دۆست دەكەین كە ڕێوشوێنی لێكۆڵینەوەی پێویست بگرێتەبەر بۆ ئاشكراكردنی ناسنامەی تاوانباران و ڕونكردنەوە لەبارەی روداوەكە".
وەزارەتەكە جەخت لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەكان و پابەندبون بە ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان و بەتایبەت ڕێككەوتننامەی ڤیەننا بۆ ڕێكخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان دەكاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رونیكردوەتەوە، "سوپاسی دەسەڵاتدارانی سویسرا دەكەین بۆ دەستێوەردانی خێرا و پەلەكردنیان لە كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە نێو بینای نوێنەرایەتی عێراق و دەوروبەریدا".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP