دواین هەواڵ

کوردستان‌

 22/05/2023

وەزیری پەروەردەی هەرێم پرۆژەیەکی ستراتیژی راهێنانی مامۆستایانی راگەیاند

هەرێم نیوز

وەزیری پەروەردەی هەرێم، پرۆژەیەکی ستراتیژی راهێنانی مامۆستایان و رایگەیاند، "ئەم پرۆژەیە دەبێتە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردەی هەرێم، چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەستدەکەین منداڵەکانمان لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان  بەجۆرێکی جیاوازترەوە وانە دەخوێنن".

ئالان حمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکدا بڵاویکردەوە، "ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایان، دەبێتە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە ڕوی بەرزکردنەوەی کوالێتی فێربونەوە، ستراتیژێکی نوێیە، گشتگیرە، پچڕ پچڕ نییە، درێژخایەنی حەوت ساڵییە، بە پلان دانراوە، راوێژی لەسەر کراوە، دادپەروەرانەیە بۆ هەمو مامۆستایانە، تەنها هەر ڕاهێنان نییە و کۆتایی بێت بەڵکو بە دواداچونیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو میتۆدە نوێیانەی وانەوتنەوە و پاشان هەڵسەنگاندنی مامۆستایانیشە لەسەر جێبەجێکردنی میتۆدە نوێیەکان".

راشیگەیاندوە، "بە جێبەجێکردنی لەساڵی خوێندنی داهاتوە و تا چەند ساڵێکی دیکە ئەندازەی کاریگەریی دیداکتیک لەسەر کارامەیی قوتابیان و خوێندکاران گۆڕانێکی جۆری تێدا دروستدەبێت، ئەم پرۆژە ستراتیژییە خزمەتی کۆمەڵگە دەکات، ئەو میتۆدە کلاسیکیەی ئێستای وانەوتنەوەی کە بەمنداڵەکانمان دەوترێتەوە، دەگۆردرێت بۆ ئەو میتۆدانەی کە کار لەسەر فێربون و فێربونی بەرجەستە و بنەماکانی تیۆری مەعریفی دەکەن، کە دەبنە هۆی گەشەسەندنی جۆری سیستمی پەروەردە".

وەزیری پەروەردە دەشڵێت، "دڵنیام چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەستدەکەین منداڵەکانمان لە قوتابخانە و خوێندنگە حکومییەکان  بەجۆرێکی جیاوازترەوە وانە دەخوێنن، ئاست و کارامەیی و تواناکانی مامۆستایان لە ئێستا زۆر جیاوازتر دەبێت، کەمێک کاتمان دەوێ بۆ ئەم وەرچەرخانە گەورەیە ".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "مامۆستای ڕاهێنەر زیاتر لە 40 کاتژمێر ڕاهێنانی تەنها لەیەک بوار وەرگرتوە و زیاتر لە 40 کاتژمێری دیکەش ئەرکی رۆژانەیان بەجێهێناوە و لە بوارەکانی دیکەی ناو ستراتیژی ڕاهێنان بۆ هەر بوارێک ڕاهێنانی تایبەت وەردەگرن، دەچنە ناو قوتابخانەکان و خوێندنگەکان و هەفتەی یەک بەشەوانە ڕاهێنان بە مامۆستایان دەکەن و  بە شێوەیەکی سیستماتیک هەمو مامۆستایەک لە ساڵێکدا نزیکەی 30 کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرێت، مامۆستای ڕاهێنەر و مامۆستایان ڕێبەرایەتی ئەو وەرچەرخانە مەزنە دەکەن لە کەرتی خوێندنی حکومی".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP